شێخ جەمالی ئەتروشی بۆی گێڕامەوە وتی لەو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  515 بینین

شێخ جەمالی ئەتروشی بۆی گێڕامەوە وتی:

لەو شارەزوورە لە «وارماوا» بووم، پیرێژنێک هاتە لام شکایەتی کرد کە دیزەڕۆنی هەبووە دەروێش حەمەسەنی شاتری دزیویەتی و نایداتەوە. وتی: منیش ناردم دەروێش حەمەسەنم هێنا بە قسەی خۆش و بە لێدان نەچووە ژێری، سوێندی ئەخوارد وەکوو گەڵای دار بە خوا و بە پێغەمبەر کە نەیبردووە. پیاوێک لەوێ بوو و هات پێ وتم سوێندێ بە «سەی ساق» بدە، ڕاستیەکەت پێ ئەڵێ. منیش هێنام وتم: ڕوو بکەرە سەی ساق بڵێ بەو سەی ساقە من ئەو ڕۆنەم نەبردووە، هەر ئەوەندەم زانی وتی: دەسا قوربان من بردوومە و چوو دیزە ڕۆنەکەی هێنایەوە! پاشان پێم وت: تۆ ئەو هەمووە سوێندەت بە خوا و پێغەمبەر خوارد بە درۆ، کە چی کە هاتە سەر سەی ساق ڕاستت وت، ئەمە چی بوو؟ وتی: خوا و داردەستەی خوا لە پیاو ئەیگرن و ئەوەندە توڕە نابن، بەڵام ئەو سەی ساقە بێفەڕە دەس وە دەمی سەگا ئەکا، لە ڕاستی لەو ناوێرم!