هەژار گێڕایەوە وتی لە سەقز تازە دامودەزگای...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  482 بینین

هەژار گێڕایەوە وتی:

لە سەقز تازە دامودەزگای ددانسازی هاتبوو، ڕۆژێک حەمەعەلی بەگی خوڕخوڕە هاتبوو بۆ سەقز، حاجی فەتاحی سەقزی بانگێشتی نانی نیوەڕۆی بۆ کردبوو. حەمەعەلی بەگ، کە ئەچێ تاقمە ددانێکی تازەی دروست کردبوو، لە شوێنەکەی خۆی ددانەکانی هەر شەوێ کە خستبوویە ناو لیوانە ئاوەکەوە، بەیانی لەبیری چووبوو بیخاتەوە دەمی. لەسەر سفرەی نانخواردنەکە پەکی ئەکەوێ و ئەڵێ: وەڵڵا هیچم بۆ ناخورێ، ددانەکانم لەبیر چووە. پیاوێکی تریش هەر لەوێ ئەبێ، دەست ئەبا لە گیرفانیا خڕەخڕ دەستە دانێک دەردێنی و ئەیداتێ، ئەڵێ: بیخەرە دەمت بزانە چۆنە؟ حەمەعەلی بەگ، وەری ئەگرێ و ئەیخاتە دەمی و ئەڵێ: گەورەیە، کابرا دەست ئەبا لە گیرفانیا تاقمێکی تری بۆ دەردێنێ و ئەڵێ دا بزانە ئەمانە چۆنن. ئەویش تاقی ئەکاتەوە ئەڵێ: وەڵڵا ئەمانەش بچووکن ناچێ بە دەمما. کابرا ئەم جارەش دەست ئەبا تاقمێکی تر دەردێنێ و ئەیداتێ، ئەڵێ ئەمانەش تاقی کەوە. حەمەعەلی بەگ کە ئەوانە ئەخاتە دەمی، ئەڵێ: وەڵڵا ئەمانە زۆر چاکن و پڕ بە دەممن، پاشان لە کابرا ئەپرسێ ئەڵێ: برا تۆ چیت؟ وا دیارە ددانسازیت! کابراش ئەڵێ: نەوەڵڵا قوربان! من مردووشۆرم!