کابرایەک لە دێی ئاوەکورتێ هەبوو حەمەی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  581 بینین

کابرایەک لە دێی «ئاوەکورتێ» هەبوو، حەمەی عەوڵای ناو بوو، تۆزێ دەوڵەمەند بوو، ئەو ساڵە سەپانێکی ڕاگرتبوو، خەڵکی دەوروبەری ئەو «گرێزە» و «موان»ە بوو، بەڵام هەتا بێژی کابرایەکی تەمەڵ و کەلەڕەق بوو، شەوێک لەگەڵ حەمەی عەوڵای ئاغایا پێکەوە دانیشتبوون، حەمە زۆری تینوو بوو، پێی وت: ئا کوڕم بچۆ تۆزێ ئاوم بۆ بێنە، کابراش وتی: لالە حەمە! من ئەبێ جارێک بچم بۆ سەر گۆزەکە و جارێک بیبەمەوە، جارێک گۆزەڵەکە بەرمەوە و دیسان بێمەوە، ئەمە چوار جار، نەوەڵڵا خۆت هەستە سووک و باریک خێرا بچۆ ئاو بخۆرەوە و وەرەوە! لەپاش ماوەیەک دیسان حەمە پێی ئەڵێ: ئا کوڕم سەرێک بکێشە دەرەوە بزانە ئەبارێ؟ ئەویش ئەڵێ: لالە من بۆ بچم؟ ئێستا پشیلەکە دێتە ژوورەوە، ئەگەر تەڕ بوو، ئەوە دیارە ئەبارێ!