مەلا ساڵحێکی میانەیی هەبوو بۆی گێڕامەوە وتی

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  660 بینین

مەلا ساڵحێکی میانەیی هەبوو بۆی گێڕامەوە وتی: ساڵێکی زوو بۆ مەلایەتیی ڕەمەزان چووم بۆ ناو جاف، لەو گەرمیانە بووم بە مەلای خێڵێکی تەرخانی و لە ماڵی کوێخا سمایلی عەزەی شەریفدا بووم. بە شەو خەڵکەکە لەوێ کۆ ئەبوونەوە، منیش حەدیسم بۆ ئەخوێندەوە، شەوێک دانیشتبووین، پیاوێک لە خێڵەکەدا هەبوو، مارفی سەمێنیان پئ ئەوت، لەپاش حەدیسەکە ئەم قسەیەی گێڕایەوە وتی:

ئەوا نەخۆشم لەژێر دەوارەکەی خۆمانا کەوتگم، خزم و عەشیرەت گشتیان لێم کۆ بووگنەسەوە. منیش لە حاڵی خۆمام، فرەی پێ نەچوو، تەوەزەلێکم بەرچاو کەوت، فرە ترسیام، وتم بوێ و نەوێ ئەمە ئزڕایلە و جوبڕائیل دەستی گرتگە هاوردگیە بۆ لای من! بە خوا! هەر کە وامزانی نەمکردە نامەردی تەکانم دا وە خۆم و هەڵسیامەوە بێدەنگی خۆمم باریک کردەوە و وەتەنیشتی مەجە و پیزەی میمکەزاگما، وەدزییەوە، لە گۆشەیەکی دەوارەکەوە هاتمە دەرەوەی دەوارەکەوە و هاتمە دەرەوە، ئەوەندەم زانی بوو وە قیژواژ لەژێر دەوارەکەوە، تومەس ئەمە ئیزڕاییل کە منی دەست نەکەوت، خۆی پلکاندووە وە ڕەمەزانی حەسەنی یار وەیسەوە، ڕەمەزانیش هەر فرە قەویوقڵ بوو، خۆی ڕمان وە ملیا، هەرچەند جڕەی کر و فڕەی کرد و دەمی نوقاند، ئاخری گیانی لە قنگیەوە دەرهاورد! منیش لەولاوە دەرچووم و وەکوو پیاو تڕی ئزرائیلم وڕی!

ئیتر خێڵ کەوتنە شین و شەپۆر و وە خەیاڵی خۆیان بۆ من ئەگریان، منیش کردم وە دەورا وتم: عەشیرەت ئەوا من ماگم و تڕی ئزرائیلم وڕیگە، نازانم ئەو ڕەمەزانە بێ فەڕە گووی تۆی لێ نەوارێ بۆ چی خۆی دا وەدەستەوە؟ خۆ هەر باهورێکی، چواری وەکوو منی ئەوڕیەوە!