لە کۆیەوە مەولوود حسێن ناردی بۆ ڕشتەی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  569 بینین

لە کۆیەوە مەولوود حسێن ناردی بۆ «ڕشتەی مرواری» گێڕایەوە وتی:

لەو وڵاتە پیاوێک سێ کچی قەیرەی هەبوو، بەڵام لە ئەقڵا ساوابوون، سەرباری ئەمەش لە قسە کردنیشا وەکوو «تور» وابوون، بەتایبەتی نەیانەزانی کاف بڵێن، ئەیانکرد بە «تێ»!

ڕۆژێک لە گوندێکی ترەوە داخوازیکەران چوون بۆ خوازبێنی یەکێکیان، دایکەکەیان دەستی کرد بە ئامۆژگاریکردنیان وتی: ڕۆڵە! کە ئەو ماڵە هاتن، بۆ خۆتان بە ئاقڵانە دانیشن و هیچ دەنگ مەکەن، بەڵکوو ئەمە خوایە دەروویەکتان لێ بکاتەوە. ئەوانیش وتیان باشە. ماڵی داخوازیکەر هاتن و هەموو خێزان پێکەوە دانیشتن و کچەکانیش بەڕیز لەتەنیشت یەکەوە دانیشتن. کتوپڕ لەو کاتەدا مشکێک دەرکەوت! کچە گەورەکە وتی: ئای ئەوە مشتەتەیە! ناوجییەکە وتی: ئای وەڵڵا چووە توونەتەوە! بچووکەکە وتی: دەسا وەڵڵا هەر خۆم چاتم کرد دەنگم نەترد و مێردی خۆمم ترد!