لەو وڵاتی ئاڵانە لە گوندی گروێس بێوەژن...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  393 بینین

لەو وڵاتی ئاڵانە لە گوندی «گروێس» بێوەژنێکی تەڕپیری مێخەک لەمل هەبوو، «باجی هامینە» یان پێی ئەوت، پارچە شکارتەیەکی ماشی هەبوو، وەختی دروێنەی هاتبوو بە دەستیەوە دامابوو؛ سەپانێکی وای دەست نەئەکەوت بۆی بدروێتەوە.

ڕۆژێک خۆی دا لە دەق و چاوەکانی پڕ لە کل کرد و لاگیرە و کەمەرەی مێخەکەکەی خستە ملی، کوڕوکاڵ لەبەر مزگەوتا دانیشتبوون چوو بە لایانەوە، بە تیلایی چاوێک سەیری کردن، بە زەردەخەنەیەکەوە ڕووی تێکردن و وتی: لە منتان نەکەوێ! چۆن ئێوە دڵتان بڕوایی ئەدا ئەو ماشەی من هەر وا بمێنێتەوە؟ تیلی چاوەکەشی ئەکێشا بە سەریانا.

کوڕوکاڵ هەر یەکە لە عاستی خۆیان دەستیاندا بە سنگیانا کە سبەینێ بە هەرەوەز بۆی بدروونەوە. ئەو تیلایی چاوە کاری کردە هەموویان، هەر کە لە ئاقاری خۆی خۆی بە نیشانەی ئەو تیلایی چاوە ئەزانی.

باجی هامینەش ئەزانێ وا دەستی خۆی وەشاندووە، بەڵام ماشی سەگباب بە ڕۆژێک نادوورێتەوە. کەوتە بەیانی یەکە یەکە چوو بە لای کوڕگەلەوە هەر یەکە هێمایەکی بۆ ئەکرد و تورەکەیە سێویشی لە باخەڵیا شاردبۆوە سێوێکی ئەدایە وئەیوت: ئەمە بخەرە باخەڵت بۆ ئەوە یادگاری من بێ لە لای تۆ.

کورگەل چوون نیشتن بە پیرە ماشەوە، جارجار باجی هامینە لە دوورەوە قریوەیەکی ئەکرد و ئەیوت: «هەی بە قوربانی کوڕی سێو لە باخەڵ بم»

هەر کەس لەوانەش لای وابوو تەنها ئەو سێوی لە باخەڵایە و ئەم بە قوربانە بۆ ئەوە. بینیان پێوە نا نەکەوتە نیوەڕۆ تەقەیان لەوسەری پەڵە ماشەوە هەڵسان و هەموویان دوورییەوە. بەم جۆرە باجی همینە دەستی خۆی وەشاند و کوڕگەلیش دەست لە گوونان بەرەو ژێرتر بۆی دەرچوون.