کابرایەک هەبوو لە گوندی تەڕەمار پیرە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  353 بینین

کابرایەک هەبوو لە گوندی «تەڕەمار» پیرە کچێکی هەبوو. لەبەرئەوە کە نەیدابوو بە شوو و هەر مابووەوە. ڕۆژێک کچە دەست ئەدا بەسەر وانێکەکەیا و ئەڵێ: «بەختە! هەڵئەستێ کوڕوکاڵت تێبەر ئەدەم». لەو کاتەدا کە ئەم قسەیە ئەکا باوکی لە پشتیەوە ئەبێ و ئەم پێی نازانێ، گوێی لە قسەکەی ئەبێ، ئەڵێ: ئەگەر چارێکی نەکەم ئەم چەتیوە ئابڕووم ئەبات. کچە دایک و براشی هەبوو

. کابرا باوکە چوو بۆ ژزگەوت، کە خەڵک کۆ بوونەوە وتی: بەخوا کچی قەیرە لە ماڵا بوون، گوناحە، ئەمەوێ کچەکەم بدەم بە شوو. ئەم قسەیەی بۆ پیاوێکی دراوسێیان ئەکرد کە لە مزگەوتا لە تەنیشتیەوە دانیشتبوو، گوایە قسەکە تەنیا هەر بۆ ئەو ئەکا، بەڵام وای ئەکرد کە خەڵکی تریش گوێیان لێ بێ. کوڕە پیرێکیش گوێی لە قسەکان بوو ئەویش دەمێک بوو بە تەما بوو ژن بێنێ، بەڵام ژنی دەست نەئەکەوت، سەرێکی قووت کردەوە و چووە بن دەستیەوە، لالە حەمەسەنیش قسەکەی هەر نەبڕی، پاشان کوڕەکە وتی: لالە حەمەسەن ئەگەر تۆ بتەوێ کچەکەت بدەی بە شوو لە منت چاکتر دەست ناکەوێ، بیدە بە من. لالە حەمەسەنیش وتی: باشە کوڕم وەرە بۆ ماڵەوە، پارە و شت چی پێویستە بیهێنە، وا دیارە خوا نسیبی خستوونەتە یەک.

شەوێ کوڕە لەگەڵ دوو سێ پیاوماقوڵی ئاوییدا چوون بۆ ماڵی لالە حەمەسەن، گفت و قسەی خۆیان بڕاندەوە و لەسەر سەد قڕان ڕێکەوتن، کوڕە سەد قڕانەکەی دەرهێنا، دای بە دەست برای کچەکەوە و ئەویش کەوتە ژماردنی.

کچە لەولاوە نیسکێنەی لێ ئەنا، لە خۆشیا پێی بەر عەرز نەئەکەوت، لەو کاتەدا پڕشێ لە نیسکێنەکە هەڵپرژایەوە و کەوت بەسەر دەستیا دەستی سووتا وتی: دەستمت سووتان ڕیامە ناوتا! بابکەی گوێی لێ بوو وتی: «چێشتەکەت پیس کرد بەرم بە قنگتا» دایکەکەی ئاگری تێ بەر بوو و وتی: «قنگی کچەکەمت دڕی ڕیام بە ڕیشتا». براکەی وتی: «حسابی پارەکەتان لێ تێکدام گوم کرد بە دەمی گشتانا».

کوڕەی زاوا هەستایە سەر پێی دەستی کرد بە هەڵپەڕکێ و سوڕدان و وتی: «هەر لە ئێستاوە شایی کەرانە و دەست بملانە و گوو لە دەمانە».