وا ئەگێڕنەوە کە لە زەمانی سولەیمان...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  440 بینین

وا ئەگێڕنەوە کە:

لە زەمانی سولەیمان پێغەمبەردا شەڕێک ڕووی دا، پیاوان چوون بۆ ئەو شەڕە و سەرنەکەوتن، پاشان سولەیمان پێغەمبەر ژنانی نارد و ئەوان شەڕەکەیان بردەوە. سولەیمان پێی فەرموون: چیتان ئەوێ لە تۆڵەی ئەم ئازایەتیەدا تا بتاندەمێ؟ ئەوانیش وتیان: هیچمان ناوێ ئەوە نەبێ کە لە باتی ئەوە هەر پیاوێک دە ژنی هەیە با هەر ژنێک دە پیاوی هەبێ.

سولەیمان پێغەمبەر فەرمووی ئەمە نابێت و خوا وای نەکردووە. ژنان هاتنەوە و کەوتنە سەر ئەوەی کە لەم ڕووەوە قاقەزێک بنووسن بۆ خوا. قاقەزیان نووسی و دایان بە قەلەڕەش بۆیان بەرێ، قەلەڕەش قاقەزی گرت بە دەنوکەوە و بردی.

لەو وەختەوە ئیتر هەرچێ قەلەڕەش بە ئاسمانەوە دەرئەکەوێ و ئەقڕێنێ ژنان ئەڵێن: «خێر، خێر». واتە ئەبێ خەبەرێکی خێر و خۆشی قاقەزەکەت هێنابێتەوە.