کابرایەک لەو بەر کێوە فێر ببوو ڕاوە چۆلە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  364 بینین

کابرایەک لەو بەر کێوە فێر ببوو ڕاوە چۆلەکەی ئەکرد. هەر چۆلەکەیەکی کە ئەگرت سەری هەڵئەکەند و ئەیخستە سەبەتەکەیەوە تا پڕ ئەبوو و ئەیهێنایەوە و ئەیانخوارد، ساڵ دوانزە مانگەی خوا ئەمە ئیشی بوو. ڕۆژێک هات بە سەریا وتی: با بچم پرسی مەلا بکەم بزانم ئەمەی کە من سەری ئەم چۆلەکانە هەڵئەکەنم حاڵاڵە یا حەرامە؟ مەلایەک لە گوندەکەیانا هەبوو چوو سەبەتەیە چۆلەکەی بۆ بردە ماڵەوە و خوێشی چوو بۆ مزگەوت و پێی وت: مامۆستا من ئیشم ئەوەیە ڕاوەچۆلەکە ئەکەم و زۆرتر بەوە ئەژیم، بەڵام سەری نابڕم هەر ملی هەڵئەکەنم ئایا ئەمە حەڵاڵە یا حەرامە؟

مامۆستا وتی: باوکم شتی وا حەرامە، چۆن ئەبێ ملی هەڵکێشی؟ ئەبێ سەری بڕی. پاشان کابرا وتی: دە سا بە خوا مامۆستا سەبەتەیەکیشم بۆ ئێوە بردە ماڵەوە بۆتان. مامۆستا تۆزێ ڕاما و پاشان وتی: ئا تۆ دەنگ! لەو وەختەدا کە سەریان هەڵئەکەنی ئەڵێن «جری وری»، یا «وری جری؟» مەبەستی ئەوە بوو کابرا هەر کامیان بڵێ حەڵاڵە. وتی: بەخوا مامۆستا ئەڵێن: «جری وری» وتی کە واتە حەڵاڵە.