ساڵێک تازە ئۆتۆمۆبێل داهاتبوو پیاوێک لە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  407 بینین

ساڵێک تازە ئۆتۆمۆبێل داهاتبوو، پیاوێک لە «سنە» کارگەیەکی ئۆتۆمۆبێلخانەی دانابوو، تا بیست شاگردێک لەوێ ئیشیان دەکرد، پێویستی بە هی تریش هەبوو، بەڵام دەست نەئەکەوت. ڕۆژێک کابرایەکی چەولی سمێڵ بابڕ بە بەر کارگەدا تێپەڕی، کە چاوی بەوانە کەوت چووە ژوورەوە و سەلامێکی کرد و هەناسەیەکی هەڵکێشا وتی: ناشکوری نەبێ وەستایان قەدریان نەماوە. وەستای خاوەن کارگە کە ئەم قسەیەی بیست، زانی کە ئەم پیاوە کسمێکی هەبووە و لێی قەوماو. خێرا وتی، کورسییەکیان بۆ هێنا وتی: وا دیارە ئەم پیاوە ئەهلی ئەم سنعەتەیە و خوا ناردویە با لێرە ئیش بکا. ڕووی تێ کرد و وتی: وا بزانم جەنابیشتان وەستان؟! کابرا دیسان هەناسەیەکی تری هەڵکێشا و وتی: ئەرێ بە خوا منیش بە لای خۆمەوە وەستا بووم. وتی: ئەگەر زەحمەت نەبێ بفەرموو تا بزانم وەستای چی بوون؟ وتی: جاروب - بەند! وەستای خاوەن کارگە ئەم کسمەی نەبیستبوو وتی: قوربان جارووب - بەند چییە و مەعنای چییە؟ وتی: قوربان یانی گەسک بە دەست! من وەستای گەسک بەستن بووم. کابرا وتی: ڕاستە، وەستایی قیمەتی نەماوە. پەلی گرت و کردیە دەرەوە!