شێخ مەحمووی مەلیک دەستبەسەر بوو لە بەغدا...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  758 بینین

شێخ مەحمووی مەلیک دەستبەسەر بوو لە بەغدا، بە دەستووری شێخ مەحموو دیوەخانێکی ڕاکێشابوو لە شێخەکانی عەرەب و لە پیاوانی حکومەت هاتوچۆیان زۆر ئەکرد، هەموو دەم دیوەخانەکەی ئاوەدان بوو؛ بە تایبەتی کوردەکانی چ بەغدا و چ دەرەوەی بەغدا هەر زۆر زۆر ئەچوون. ئەو کوردانەی کە لە دەرەوەی بەغدا ئەچوون بۆ خزمەتی زۆری ڕێز لێ ئەگرتن، لەناو ئەمانەشا هەبوو کە پۆشتە و پەرداخ نەبێت. ڕۆژێک ئەوا گەلێ لە شێخە عەرەبەکان و کار بەدەستە گەرەکانی حکومەت لەوێ ئەبن، لەو کاتەدا چەند کوردێکی لادێی لە وڵاتی سولەیمانیەوە دێن بۆ خزمەتی. شێخ ڕێزیان زۆر لێ ئەگرێ. یەکێ لە پیاوە گەورەکانی حوکوومەت کە لەوێ دانیشتبوو ئەڵێ: «یا شێخ! ئەم ڕووتەڵانە چین وا تۆ بەو جۆرە ئەچی بە شان و باڵیانا و ڕێزیان لێ ئەگری؟» شێخ مەحموودیش لە وەڵاما ئەڵی: «ئەگەر ئەم ڕووتەڵانە کە تۆ ئەیانڵێیت نەبن، من ئەم شێخ مەحموودە نابم».