کابرایەکی جووت بەننە لەو بەر کێوە سەپانێ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  764 بینین

کابرایەکی جووت بەننە لەو بەر کێوە سەپانێکی هەبوو، هەموو بەیانییەک ئەم سەپانە کە لە خەو هەڵئەستا دەستی ئەکرد بە خۆ کێشانەوە و خۆ بادان بەملا و بەولادا.

ڕۆژێک ژنی کابرا بە مێردەکەی ئەڵێ: ئەرێ پیاوەکە! ئەوە ئەو سەپانەمان بۆچ هەموو بەیانییەک کە هەڵئەستێ لە خەو دەست ئەکا بە خۆکێشانەوە؟ کابراش هات بەدەمیا وتی: «چوزانم، دەردە کێریەتی». ژنە ئەم قسەیەی لە دڵی خۆیا هەڵگرت. پیاوەش کە قسەکەی کرد زانی کە قسەیەکی باشی نەکرد و ئاوێکی باشی نەڕشت.

لە پاش چەند ڕۆژێک وتی: ئافرەت ئەمەوێ بچم بۆ شار، شتومەکمان نەماوە، هەندێ شڕوشاتاڵ دێنم، یەک دوو ڕۆژم پێ ئەچێ، ئاگاری ماڵ و ماڵات و جووتەکە بە. ژنەش کە ئەمەی لە مێردەکەی بیست، وەکوو مژدەی بەهەشتیان بۆ هێنابێ وابوو؛ وتی: باشە پیاوەکە ڕاست ئەکەی، هیچمان نییە، بەتەما بووم پێت بڵێم، باش بوو تۆ خۆت ئاگاداریت و وتت. پیاوە هەستا چوو لە ماڵەوە «ڕۆن گەرچەک» یان هەبوو پڕ قوتوویەکی کرد هەڵیگرت و لێیدا ڕۆییشت.

کە کەوتە لای ئێوارە ڕۆن گەرچەکەکەی خوارد و بە دزییەوە گەڕایەوە بۆ ماڵەوە. ژنە ئەو شەوە کە مێردەکەی لە ماڵ نییە خۆی لە سەپانەکە بە تەواوی خۆش کردووە. پیاوەکە هاتەوە لە دەمە دەمی خەوتنانا چوو بە بێدەنگی سەپانەکەی لە ناو جێگەی هەستان و پێی وت: ڕۆڵە ویستم بچم بۆ شار لە ڕێگادا تووشی پیاوەکەی کوێخا نادر بووم. ناردبووی کە سبەینێ دێت بۆ ئێرە، لەبەر ئەوە من گەڕامەوە. هەستە تۆ لە باتی من بچۆ بۆ شار شت و مەکەکان بکڕەو خێرا بەیانی بگەڕێوە. عەیبە کوێخا نادر بێت و من لە ماڵ نەبم. سەپان لێ دا ڕۆییشت و ئەمیش چوو لە شوێنەکەی ڕاکشا.

دوو کەرتی شەو ڕۆیشتبوو نەڕۆییشتبوو کوێخاژن ئاگری جگەر هەڵی ئەگرێ و ئەچێتە سەر جێگای سەپانەکە. نە لەو دەنگ و نە لە مێردی بە سەپان ناسراو دەنگ. بە هێواشی خۆی ئەدا بە سەر مێردی لەشوێن سەپان نوستوودا. مێردەش دەعباکەی لە سەر چزە، چونکە هەر لە پێشەوە خۆی بۆ ئامادە کردووە. ژنەش نازانی ئەمە مێردەکەی خۆیەتی، بەڵکو هەر لای وایە سەپانەکەیە.

مێردەش ڕۆن گەرچەکی خواردووە کەوتۆتە کار، لەو وەختەدا کە - بلامانێ؛- ڕەحمەت ئەبێ، ئەفێڕێنێ بە ناو گەڵی ئافرەتدا! ئافرەت کە لێ ئەبێتەوە بە پاشەڵ و ناو گەڵێکی گواویەوە ئەگەڕێتەوە، ئەچێ هەموو لەشی خۆی ئەشوا، بەو شەوە تووشی ئەو عەزیەتەش ئەبێ! بەیانی زوو مێردەکە هەڵئەستێ و ئەڕوا، ناکاتە کارێ کە ژنەکەی پێ بزانێ، سەپانەکەش دیار نییە ژنە وا ئەزانێ کە سەپانەکە لە تەریقیا زوو گاکانی داوەتە پێش و چووە بۆ جووت، ئەوەندە هەبوو گاکانیش کابرا کە بەیانی دەرچووبوو بردبوونی بۆ جوت. لەو لاوە سەپانەکە لە شار ئەگەڕێتەوە کابرا شتومەکەکانی لێ وەر ئەگرێ و گاکان ئەدا بەو و خۆی ئەگەرێتەوە بۆ ماڵەوە هیچ قسە نابێ ئیتر. ڕۆژی دوایی سەپانەکە وەکوو جاران کە لە خەو هەڵئەستێ خۆی ئەکێشێتەوە، ژنەکە ئەڵێ: ئەوە پیاوەکە! ئەوە ئەو سەپانە سەگبابە بۆ چی هەموو بەیانییەک، کە لە خەو ڕاست ئەبێتەوە خۆی ئەکێشێتەوە؟ پیاوەکەش ئەڵێ: ژنەکە پێم نەوتی: ئەوە دەردە کێریەتی! ژنە ئەڵێ: ئا ئا، ئەوە دەردە کێریەتی! ئەوە دەردە گویەتی ئەو باوە حیزە.