ڕۆژێک لە سولەیمانی کوڕە جوولەکەیەکی بازر...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  701 بینین

ڕۆژێک لە سولەیمانی کوڕە جوولەکەیەکی بازرگان لەگەڵ سواڵکەرێکی ناو بازاڕا شەڕیان بوو. دنیا زستان و سەرما بوو، کوڕە جوولەکەکە لە دوکانەکەی باوکیا دەستی جلی پاک و پاڵتۆیەکی نایابی لەبەرا بوو، لە بەر مەقەڵی ئاگر دانیشتبوو، هەتیوەکەش سەر و پێ ڕووت. کراسێکی جاوی چڵکن کە قۆڵەکەی هەر لە ئانیشکی بەرەو ژوور مابوو، یەخەی هەتا خوار دڕابوو هەموو گەڵوگوونی بە دەرەوە بوو، لە سەرمانا وەکوو بیی ناو ئاو دەلەرزی، بەردووکانەکەی گرتبوو هەر ئەیوت: کافر شەرت بێ لە دوکانەکە بێیتە خوارەوە هەزار شەقت تێ هڵدەم. جوولەکەی باوکی کوڕە بە هێواشی لە دووکانەکە هاتە خوارەوە دەستی برد دوو پوڵی دایە و قۆڵی گرت و وتی: بڕۆ، بڕۆ، بە چیتەوە ماڵ وێران، بە چیتەوە؟