جارێک لە سولەیمانی گوایە عیزەتی تۆپچی کف...
جارێک لە سولەیمانی گوایە عیزەتی تۆپچی کفری کردووە، مەلاکان لێی ئەکەونە تەقە و هەچ مەلا و فەقێیەک لە سولەیمانی ئەبێ لە مزگەوتی عرفان کۆ ئەبنەوە و ئیشەکەی زل ئەکەن و فتوای کوشتنی عزەت ئەدەن. عزەت شەو لە تاوێک بە دزییەوە سولەیمانی بە جێ دێڵی و ڕا ئەکا بۆ بەغدا بۆ لای شێخ مەحموودی حەفید - کە ئەو سەردەمە لە بەغدا بوو - شێخ مەحموود بۆی تێ ئەکەوێ و ئیشەکەی لە لای حوکمەت بۆ چاک ئەکاتەوە.
جا لەو کۆبوونەوەدا مەلاکان سوختەیەک ئەنێرن بۆ لای شێخ بابا عەلی کە عەرزی بکا ئەوا ئەوان لەوێ ئیجتماعیان هەیە ئەویش تەشریفی بێت.
سوختە ئەچێ ئەڵێ: قوربان مەلاکان وا لە مزگەوتی عرفان «جماع» ئەکەن عەرزیان ئەکردی ئەویش تەشریف بینێت. شێخ بابا عەلی هەلئەستێ جوببەکەی ئەدا بە شانیا و ئەڕوا، کە ئەگاتە ناو حەوشی مزگەوتەکە هەر چاکی ئەکا بە لادا و دەست ئەگری بە بەنەو خوێنەکەیەوە. ئەوا حەوشەو و سەکۆ و بەرهەیوانی مزگەوت پڕە لە مەلا و فەقێ و حەشامات. عالەمەکە بەلایانەوە سەیر ئەبێ کە بابا عەلی وا ئەکا ئەڵێن: قوربان ئەوە چییە؟ ئەڵێ: چی چییە؟ سوختەکە هاتووە ئەڵێ جماع ئەکەن ئەبێ منیش خۆم حازر کەم؟