گەلێ شتی وا هەیە زانیاری داوای ئەکا کە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  702 بینین

گەلێ شتی وا هەیە زانیاری داوای ئەکا، کە پیاو بیانزانێ، ئەو شتانەش با ئاشنایەتی تەواویان بە کەلەپووری کوردەوە نەبێ، بەڵام بۆ زانین باشە، یەکێ لەو شتانە ئەو پایە و دەرەجانەیە، کە لە ناو عالەمی گاوریدا هەیە. من بە لامەوە هەموو وەخت زانین لە نەزانین باشترە، ئەو دەرەجانەش ئەمانەن کە لە عالەمی ئایینی گاوریدا هەن و هەشت دەرەجەن:

«شماس» ئەو وشە سوریالییە، پایەکەی لە خوار «قسیس» ەوەیە، مەعنای خادم و مجەوەرە.

«قسیس» ئەمەش هەر سوریالییە، بە مەعنای پیاوی پیرە، بەڵام نەک هەر پیری ڕووت، بەڵکو مەبەست ئەوەیە کە پیاوێکی پیری موبارەکی دینی و خزمەتی کار و باری کلێسە ئەکا. دەرەجەکەی لە نێوانی «شماس» و «اسقف» دایە.

-«اسقف» دەرەجە دینییەکەی لە ژووری «قسیس» و خواری «مەتران» ەوەیە.

-«مەتران» ئەمە لە باری ئایینی گاوریدا سەرۆکی کڵێسەیە، ئەمە لە ژوور «اسقف» و لە خواری «بتریک» ەوەیە ئەم وشەی «مەتران»ە لە وشەیەی «میتریبولیس»ی یۆنانیەوە وەر گێڕاوە، مەعناکەی یەعنی شاری ئەسڵی و شاری بناغەیی، کورسی مەترانیش بە عادەتی لە شاردا ئەبێ.

-«جاسلیق» ئەو اسقفەی کە لە هەموو اسقفەیە لە ناو پێشکەوتووترە، ئەم وشەیەش دیسان یۆنانییە.

-«بتریک» ئەمە سەرۆکی هەمووی سەرۆکەکانی اسقفەیە لە ناوچەیەکی تایبەتیدا، یا تایەفەیەک لە تایەفەکانی گاوریدا. «گردێناڵ» ئەمەش هەر لاتینییە، واتە پلەی هەرە بەرزی کڵێسە.

«کردێنال» ئەمەش هەر لاتینییە، وایە پلەی هەرە بەرزی کلێسە

-«پاپا» لاتینییە، بە مەعنای پایەی هەرە بەرزی عالەمی گاوری و لەوە بەرزتر ئیتر نییە. پاپا جێنشینی «قدیس بترس»ە.