میری بۆتان جارێک لە ڕاو ئەبێ لە گەڵ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  811 بینین

میری بۆتان جارێک لە ڕاو ئەبێ، لە گەڵ سوارەکانا پەڕاگەندە ئەبێ و بە تاقە سوارە ئەکەوێتەوە شیوێکەوە لەوێدا تووشی کەر سوارێکی ڕیشسپی کەنفت ئەبێ، پێی بەملاوبەولای کەرەکەیا شۆڕ کردوەتەوە، کەرەکەش ئەوەندە بچووکە لەوانەیە خاڵەی ڕیشسپی پێی بگاتە زەوی، سەری تەکەی دێ و ئەڕوا، سەبیلە شکاوێکیشی بە دەمەوەیە هەر نەفەسی لێ ئەدا، لە بەر دووکەڵی سەبیلەکە مووە سپییەکانی سمێڵی هەمو زەرد هەڵگەڕاون. میر لێی ئەپرسێ خاڵەی ڕیشسپی بۆ کوێ ئەچی؟ ئەویش نازانێ ئەمە میرە، ئەڵێ ئەچم بۆ لای میر، بەڵکو شتێکم بداتێ بیبەمەوە بۆ ماڵ و منداڵم. میر ئەڵێ جا بە چیدا ئەزانی ئەتداتێ؟ ئەڵی: کورە بە هەموو کەسی داوە بە منیش هەر ئەدا، قابیلە لە عاستی من ببێ بە جاندرمە!

میر سەیر ئەکا ئەمە پیاوێکی خۆشە پێی ئەڵێ: ماڵ وێران! میر، هەر کەسی بەر چاوی کەوێ باج و سەرانەی لێ ئەستێنێ، ئێستا تۆ چۆن داوای شتی لێ ئەکەی؟ کابرا ئەڵێ: جا من چیم هەیە تا ئەو لێم بستێنێ؟ میر ئەڵێ: ئاخر قسەیە و ئەیکەن، با تۆ نەزانی میر شتێکە، دەنگی دەهوڵ لە دوورەوە خۆشە، ئەڵێ ئەگەر من بزانم هیچت ناداتێ و لەوانەیە باجیشت لێ بستێنێ! کابرا ئەڵێ: من ئەچم ئەو وەختەی کە زانیم وایە من شت ئەدەم بەو. میر ئەڵێ: چی ئەدەیتێ؟ ئەڵێ: چوار پەلی کەرەکەم ئەنێم لە قوزی دایکی! لە سەر ئەمە لێک جیا بوونەوە.

میر چۆوە و گەیشتەوە بە سوارەکانی خۆی. ڕاویان تەواو کرد و گەڕایەوە. خاڵەی ڕیشسپی ئەویش وردە وردە ڕۆیشت و گەیشتە بەر کۆشکی میر، دابەزی لە کارەکەی، کەری بەستەوە و چووە ژوورەوە لای میر، میر پێشتر ڕایسپاردوو کە ئەگەر یەکێکی وا هات ڕێگای لێ نەگرن. خاڵەی ڕیشسپی هاتە ژوورەوە، لەو دیوەخانە و کاروبارە هەر وا سەری سوڕما، قەت شتی وای نەدیبوو، سەیری میری کرد لەو سەرەوە دانیشتووە ناسیەوە کە ئەمە پیاوەکەیە وا لە شیوەکەیدا قسەکانی لەگەڵ کرد، دیوەخانیش پڕە. میر لێی پرسی ها! خاڵەی ڕیشسپی چیت ئەوی! وتی: جەنابی میر! ماڵ و منداڵ هیچیان نییە، هاتووم بۆ ئەوە شتێکم بدەیتێ بۆیان بەرم. میر وتی: جا کێ لێرە شتی دەست ئەکەوێ، هەر کەس بێتە ئەم شوێنە ئەبێ شتی لێ بسەنرێ، خاڵەی ڕیشسپی وتی: جەنابی میر! منیش چوار پەلێ کەرەکەم حازرە وا لە دەرەوەیە! میر دەستی کردەوە بە پێکەنین و داستانەکەی بۆ دانیشووەکان گێڕایەوە، پاشان ئەمری کرد خەڵاتێکی زۆر زۆریان دا بە خاڵەی ڕیشسپی. خاڵەی ڕیشسپی وتی: ئەمانە هەموو بۆ خۆم؟ میر وتی: بەڵێ خاڵە. وتی: بە چوار پەڵی کەرەکەشمەوە؟ میر دیسان دەستی کردەوە بە پێکەنین و وتی: بەویشەوە وتی: هێزەیە ڕۆنیشی بدەنێ بابە لوسی بڕوا!