عەلی شەرەفخان امیر معززی گەڕووسی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  914 بینین

«عەلی شەرەفخان» «امیر معزز»ی گەڕووسی ئەبێ بە حاکمی سنە، کە دێتە ئەوێ بە تەنها و ڕووت و قوتی دێ. هەموو سامان و سەرمایەکەی فەرمانی قاجاریییەکان بوو کە کردبوویان بە حاکمی ئەوێ، لە پاش ماوەیەک ئەمیر موعێز سامان و داراییەکی زۆری پێکەوە نا، وای لێ هات لە وزە دەرچوو. «عنایەت» گەڕووسی - ش هەبوو، ئەو هەر لە سنە دائەنیشت و ببوو بە دانیشتووانی ئەوێ، پیاوێکی دەوڵەمەند و خاوەن پارە بوو، ئەیانوت «سو» ئەخوا ئەم سامانەی لەوەوە پەیدا کردبوو - ئێمە چیمان داوە بە سەر ئەمەوە - کە ئەمیر موعێز دێ، ئەو گەڕووسی و ئەم گەڕووسی، عنایەت ئەوەندەی تر پاو پایەدا ئەکا، وادیارە قسە لە سەر ئەمیر مەوعێز زۆر بوو، تەماعی هاتە جۆش گەڕووسیایەتی لە بیر چۆوە گەڕی بە عنایەت گەڕووسی - شدا ئەڵاند هەر چییەکی هەبوو نەبوو، لێی زەوت کرد. عنایەت گەڕووسی کەوتە سەر ساجی عەلی. عنایەت ڕۆژی ئەچێ بۆ لای ئەمیر موعێز لێی ئەپرسی ها حاڵت چۆنە؟ عنایەت بە ناوی گەڕووسایەتیەوە ئەڵێ: وەکوو ئیمڕۆی من وابوو! ئەمیر موعێز لە پێشا توڕە بوو و لە پاشا ئەویش گەڕوسیایەتی هاتە جۆش ماڵەکەی دایەوە. دنیا زۆر سەیرە! ئەم عنایەتە گەڕووسیە لە ئاخرا ئاگر بەر بووە ماڵی و هەمووی سووتا قوتابییەکانی مەدرەسەی «اتحاد» بە قسەی مەلا حەسەنی شەکیبا و مامۆستاکانی تریان هوروژمان برد چوون کوژاندیانەوە ئەگینا گەڕەکەکە ئاگری تێبەر ئەبوو.