مەلا حەمە مینە شێتە هەبوو لە سولەیمانی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  831 بینین

مەلا حەمە مینە شێتە هەبوو لە سولەیمانی قسەی سەیر سەیری هەبوو: جارێک ئەچێتە چنگیان بە بن دار گوێزێکی گەورەدا تێ ئەپەڕێ، لەولای دارگوێزەکەوە بڕکە شووتیەک ئەبێ، بڕکە شووتی، شووتی وای گرتووە باوەشی پیا نابێتەوە، سەیری دار گوێزەکەش ئەکا گوێزی پێوەیە هەر یەکە بە قەدەر گوێزێک، سەری سوڕ ئەمێنێ ئەڵێ: تەماشای ئەو عەقڵە و ئەم ئیشە؟ بڕکە شووتییەک بەو بچووکیە شووتییەکەی باوەشی پیا نایەتەوە، کە چی دار گوێزێک بەو گەورەییەوە گوێزەکەی هەر یەکەی ئەوەندەی تۆزێکە. لەو کاتەدا کە ئەو خەریکی ئەم گێژاوەیە گوێزێک لە دارەکە ئەکەوێتە خوارەوە ئەکەوێت بە سەر سەریا تەقەی دێ دەست ئەبا بۆ سەر سەری و ئەڵێ: بە خوا ئەو لە من عاقڵترە، ئەمە ئێستا ئەگەر شوتییەک بووایە خۆ ئەیکوشتم. لە هەموو ئەم قسانەیا مەبەستی خوا ئەبێ.