کابرایەک لەو دەشتە تاڵە ڕۆژێک زەردەواڵە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  744 بینین

کابرایەک لەو دەشتە تاڵە، ڕۆژێک زەردەواڵە دابووی بە دەعباکەیەوە ئاوسا بوو، هاتەوە بۆ ماڵەوە بە ژنەکەی خۆی وت: دەستیشی گرتبوو بە دەعباکەیەوە: ئافرەت ئەمەیان لە بازاڕ ئەفرۆشت ئەیاندا بە هینەکەی خۆم و سەد قەرانیش، ڕووی نەبوونی ڕەش بێ نەبوو بیکڕم، هەر وا وەرم گرت و هێنامەوە، وتم تۆ چاوت پێی بکەوێ بزانی چۆنە؛ ئەگەر باشە بەڵکو قەرز و فەرزێکی بۆ بکەین و جێبەجێ کەین.

ئافرەت وتی: جا پیاوەکە ئەیەڕۆ قەرز فەرزی بۆ چییە؟ ئەوە خشڵەکانی من هەیە بایی دوسەد قەرانیش ئەبێ، بچۆ بیدە بە خاوەنەکەی و وەرەوە، تازە چۆن پێی ئەدەیتەوە؟ پیاوە پیرە خشڵی وەرگرت و لەپاش سێ چوار ڕۆژ، ئاوساوییەکەی نیشتەوە و دەعبا وەکوو خۆی لێ هاتەوە. ڕۆژیک بە هەڵەداوان هاتەوە و کردی بە ژوورا وتی: ئافرەت! هەر خوا ڕەحمی پێی کردم. وتی: چی بووە؟ وتی: ئەو کێرە کە هێنابوومەوە دزیەتی دەرچوو. گرتمیان و بردمیان بۆ لای قازی. بە هەزار دەست ماچکردن و ئەملا و ئەولا سەد قەرانم دا و کێرەکەم پێی دانەوە. ئەوانیش کێرە کۆنەکەی خۆمیان پێ دامەوە. هەر باش بوو ڕزگارم بوو لە دەستیان. ژنە وتی: «من خۆم هەر ڕۆژی هەوەڵ ئەمزانی ئەوە دزیەتی بوو ئەگینا چۆن بەو جۆرە بە هەرزان ئەیاندا؟»