کابرایەکی کوردی جافەتی برینێک لەلا ڕانی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  749 بینین

کابرایەکی کوردی جافەتی برینێک لە لاڕانی هاتبوو خۆی چاوی لێ نەبوو. دوانزە کوڕی هەبوو بە یەکێکیانی وت: «ئا ڕۆڵە، وەرە سەیرێکی بکە بزانە چۆنە؟» کوڕە هات و سەیری کرد، وتی: «باوە ئاوی تێ زاوە». ڕووی کردە یەکێکی تریان پێی وت: «ڕۆڵە! ئا تۆش وەرە سەیرێکی بکە». ئەویش هات و وتی: «بابە سەرەکەی سوور بووەتەوە؛ لام وایە دەمەدەمی گەیشتنێتی». بانگی یەکێکی تریانی کرد، ئەویش هات قسەیەکی تری کرد. تا هەر دوانزەیان هاتن و هەر یەکە بە جۆرێک پێیان وت. پاشان کابرا سەری بەرز کردەوە و وتی: «ئۆ! خوا، خەڵکی وە یەک کەسەوە، هەموو خەبەرێکی لە ئەستەمووڵەوە بۆ تێرنەوە. من وە دوانزە کوڕەوە خەوەرێکی ڕاستم لە قنگمەوە تا گوێچکەم دەست ناکەوێ».