پیاوێک هەبوو لەو سەرە فەتەی ناو بوو ژن...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  668 بینین

پیاوێک هەبوو لەو سەرە، فەتەی ناو بوو، ژنێکی هەبوو ناوی سەمەن بوو. فەتە و سەمەن گەلێ ساڵ بوو پێکەوە هاوسەر بوون و چەند مناڵێکیش کەوتبووە بەینەوە. ڕۆژێک سەمەن هات بە سەریا و لە فەتە تۆرا و ماڵی بەجێ هێشت، فەتە لە ماڵ نەبوو، کە هاتەوە سەیری کرد ماڵ و مناڵ بێ خاوەن و سەمەنیش دیار نییە. لە ئەنجاما تێگەیشت کە ئەمە سەمەن تۆراوە، یەک دوو ڕۆژ وازی لێ هێنا سەمەن هەر دیار نەبوو، پاشان دراوسێیەکیان هەبوو ناردی بە شوێنیا. سەمەن وتی تازە ئیتر نایەمەوە بەو ماڵەدا. بەینێکی تری پێ چوو یەکێکی تری نارد بە شوێنیا هەر کەڵکی نەبوو. ناچار چووە لای باپیر ئاغا و پێی وت سەمەنی ژنم تۆراوە وا هەر چەند ئەکەم نایەتەوە. باپیراغاش «گوڵە»ی کچی خۆی نارد بە شوێنیا. ئەویش هەر چەند ئامۆژگاری کرد بۆ ئەوەی بچێتەوە لای فەتە هەر کەڵکی نەبوو. فەتە هانای بردە لای مەلا کە بەڵکوو ئیشێکی وا بکا سەمەن بگەڕێتەوە، مامۆستاش بە ڕیشە سپییە جوانەکەیەوە عەساکەی گرت بە دەستەوە و چوو بۆ لای سەمەن، پێی وت دایکم شەرع ئەفەرموێ ئافرەت ئەبێ لە ژێر ئیتاعەی مێردا بێ و نابێ لە ئەمری دەرچێ. ئێستا لەسەر چی تۆراویت؟ ئەم تۆرانەت موخالەفەی شەرعە و هەستە بڕۆرەوە ناو ماڵ و مناڵەکانت و چاوەدێری ماڵەکەی خۆت بکە، ئەوا من بە ڕیشی سپییەوە هاتم بە شوێنتا لە شاخی شەیتان وەرە خوارەوە، هەستە پێشم کەوە با بچینەوە.

سەمەن وتی مامۆستا عەزیەتی خۆت مەدە جارێکی کە من نایەمەوە لای فەتە، خوات لەگەڵ بێ زەحمەتت کێشا. مامۆستا بە ناهومێدی گەڕایەوە. فەتە ئیتر دەستی لە هەموو لایێک بڕا و ئیتر سەر لە ئێوارەیەک لەسەر سەرەنوێلکەکە دەستی دابووە ژێر چەناگەی و کەوتبووە ناو دەریای خەم و پەژارەوە. باجی عاسم هەبوو لەو کاتەدا و لەو حاڵەدا چوو بە سەریا، باجی عاسم یەکێک بوو لە جانانەکانی زەمان. دەم و پلەکەی هەڵۆی لە ئاسمانا ئەهێنایە خوارەوە. جا باجی عاسم ڕووی کردە فەتە و وتی فەتە ئەوە چییە؟ وا دۆش داماوی؟ وتی باجی عاسم بێژم چی؟ سەمەنی ژنم تۆریاگە، ئەوا کول و کافر بووم، لەگەڵم نایەتەوە. خۆم و مناڵەکانی سەرگەردان کردگە. باجی عاسم وتی هەروا؟ ئا بزانە ئەو وا وا لێ کراوە چۆن بە شەق ئەیهێنمەوە. ئەمەی وت و لێیدا ڕۆیشت، کە ڕۆیشت سەیری کرد وا سەمەن لە بن گوێسەبانەیەکا دەمێ بنێشتی لە دەمایە ئەیجوێ. لەگەڵ دوو سێ ژنی ترا دانیشتوون هێلکە هێلک پێ ئەکەنێ و داویەتیە ڕاوی قسە. باجی عاسم هەر لە دوورەوە شێتانی و ڕووی تێ کرد وتی:

«ئەرێ هەی قەحبەی ماکەری ئابڵاخ! ئەرێ هەی دێڵەسەگی دەساچۆی دەستی هەتیوان! ئەوە بۆ چ ناچیتەوە لای ئەو پیاوە؟ ئەوە ئەو مناڵانەت بۆ بەرەڵا کردووە؟ هەستە هەستە پێشم کەوە هەتا بە شەق گەڵ و قنگم نەکردووی بە یەک، کۆنە حیزەی دێڵەسەگ هەستە ڕاست بەرەوە». هەر کە باجی عاسم ئەمەی لە دەم هاتە درەوە سەمەن وەکوو کێچ ڕاپەڕی و چارۆکەکەی دا بە سەریا و وتی: «باجی عاسم گیان! کەی ئەو پیاوە بێ فەڕە یەکێکی نەجیمی وەجاخ زادەی ناردووە بە شوێنما و من نەهاتمەوە، ئەوا ئێستا تۆ هاتی، بزانە چۆن لەگەڵت دێمەوە؟ فەتە با خراپیش بێ دڵی تۆ ناشکێنم».

وەڵڵا وەکوو شەکرۆکە پێشی کەوت و هاتەوە.