حاجی مەلای جوانڕۆ ئەچێ بۆ ئەو دەشتی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  867 بینین

«حاجی مەلای جوانڕۆ» ئەچێ بۆ ئەو دەشتی «شیروانە»یە و فەقێیەکی تاڵشی لەگەڵ ئەبێ. لەو دەشتە تووشی شوانێکی جاف ئەبن. حاجی مەلا سەیر ئەکا ئەوا شوانە گاڵۆکێکی بە دەستەوەیە و کەڕەکێکی خستۆتە لاشانی، ڕیشی ماش و برنج بووە. بانگی لێ ئەکا: ئەرێ لالۆی شوانە لە کەیەکەوە شوانی؟ ئەویش ئەڵێ: مەلا ئەوەتی کە خۆمم ناسیگە هەرا شوانم، حاجی مەلا بە فەقیەکە ئەڵێ ئێستا ئەم شوانە تاقی ئەکەمەوە، چونکە ئەمە قەد ئاوەدانی نەدیوە. ئەڵێ:

«لالۆی شوانە بەچیا ئەزانی خوا یەکە و دوو نییە؟ من ئەڵێم دووە». شوانەش ئەڵێ: «مەلا من لە باوکمم بیستگە وتیگە خوا یەکە، باوکم لە باپیری بیستگە وتیگە خوا یەکە، باپیریشم لە باپیرە گەورەم و هەر وەو جۆرە، ئێستا وە کەلام خوا ئەگەر تۆ بێژی دووە دەکەومە ملت وەم گاڵۆکە سەرت وەک نێرکە تەشی لەو ناوەدا خول ئەخوا، ئیتر بیوڕەوە». حاجی مەلا وتی: کە ئەمەم بیست دەستم کردە ملی و ناوچەوانم ماچ کرد و وتم: ئیمانی تۆ لە هی من قایمترە.