زێوەر ئەفەندی شاعیر و مەلا سەعید ئەفەندی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  1014 بینین

زێوەر ئەفەندی شاعیر و مەلا سەعید ئەفەندی گەلێ جار لەبەر هەیوانەکەی مزگەوتی عرفانا لە سولەیمانی دائەنیشتن و بە قسەی ئەدەبی و باسی شیعری مەولەوییەوە ڕایانئەبوارد. مجەورێکی مزگەوتەکە هەبوو گوێی لە قسەکانیان ئەبوو کە شیعری مەولەوییان ئەخوێندەوە. ڕۆژێک بە زێوەر ئەفەندی ئەڵێ: ئەم مەولەوییە ئەم قسانە چییە وتوونی؛ «هەردە و بەردە و مەردە». زێوەرە ئەفەندیش ئەڵێ: دە ئەگەر تۆ ئازای شیعرێکی وا بڵێ، ئەویش ئەچێتەوە ژوورەکەی خۆی و لە پاش تۆزێک دێتەوە دەرەوە، ئەڵێ: زێوەرە ئەفەندی گوێت لێ بێ ئەوا شعرت بۆ ئەڵێم وەکوو مەولەوی. ئەڵێ: بڵێ، ئەڵێ:

مشتێ هەلیلە کەفلەمەش کەردە
هەر فیڕەش مەیۆ جە شاخ و هەردە

زێوەر ئیتر هەر هیچی پێناوترێ.