مەلاکەی کونەماسی وەعزی ئەدا ئەیوت...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  691 بینین

مەلاکەی «کونەماسی» وەعزی ئەدا ئەیوت: هەر کەس ئەگەر نانێ بدا لە ڕێگەی خوادا، خوا حۆرییەکی ئەداتێ، کە سەری لە ڕۆژئاوایە و پێی لە ڕۆژهەڵات. عەزە کونەماسی هەبوو لە کۆڕەکەدا دانیشتبوو هەڵیدایە، وتی: «مامۆستا ئێستە ئێمە واین لە ناوەڕاستی زەویدا، ئەگەر نانێک بدەم لە ڕێگای خوادا و خوا حۆرییەکی وام بداتێ، من ئەکەومە عاستی ناوکی. خۆ ئەگەر بمەوێ ماچێکی بکەم ئەبێ هەر شتێکم هەیە و نییە بیدەم بە هەقی کاروانا و شەش مانگ بەڕێ کەوێ بۆ ئەوەی بگەمە عاستی دەمی و ماچێکی بکەم، جگە لەوە ئاگام لە خواری ناوکیشی ئەبڕێ کە چی بە سەر دێ. وەڵڵا مامۆستا نە ئەم نانە ئەدەم و نە ئەم ماچەم ئەوێ و نە ئەم هاتۆچۆی ڕێگایەش ئەکەم بە تووشی خۆمەوە.