ئۆتۆمۆبێل تازە داهاتبوو دوو ئاغای ئەو ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  661 بینین

ئۆتۆمۆبێل تازە داهاتبوو، دوو ئاغای ئەو سەرە گەلێ جار هاتوچۆی شاریان ئەکرد و لە شاری، شاریتر بوون. ئەمانە هەر یەک خزمەتکارێکیان هەبوو هەموو دەم لەگاڵیانا بوون. ئەمانیش ببوون بە بەچکە شاری!

ڕۆژێک هەر دوو ئاغاکە پێکەوە دانیشتبوون دەردەدڵیان لە بێ ئەقڵی خزمەتکارەکانیانەوە بۆ یەک ئەکرد. ئەو ئەیوت: هی من کەرترە؛ ئەوی تریان ئەیوت: نا هی من کەرترە. ئاخری هاتنە سەر ئەوە کە تاقییان بکەنەوە بزانن کامیان کەرترن. یەکێکیان بانگی نۆکەرەکەی خۆی کرد و پێی وت: ڕۆڵە! ئۆتۆمۆبێلەکەمان کۆن بووە ها ئەوە دە قران بچۆ هەر ئێستە ئۆتۆمۆبێلێکی فرازیرزەر بکڕە. نۆکەر وتی: بە سەر چاو! دە قرانی وەرگرت و چوو بە شوێن ئۆتۆمۆبێلەوە.

کە ئەو چووە دەرەوە ئاغاکەی وتی: چاوت لێبوو چەن کەرە؟ ئاخر ناڵێ چۆن ئۆتۆمۆبێل بە دە قران ئەدەن؟

ئەمجا هاتە سەر ئەو ئاغاکەی تر وتی نۆرەی منە. ئەویش نۆکەرەکەی خۆی بانگ کرد و پێی وت: ئا ڕۆڵە بچۆرە ماڵەوە بزانە لەوێم. خزمەتکار وتی: بەسەرچاو و چووە دەرەوە. ئاغاکەش وتی: چاوت لێ بوو هی من چەند بار هەڵئەگرێ؟

بە ڕێکەوت خزمەتکارەکان لە ڕێگەدا تووشی یەک بوون. ئەوانیش لە بەین خۆیانا دەستیان کرد بە دەردە دڵ کردن لە کەرێتی ئاغاکانی خۆیان. ئەوی ئۆتۆمۆبێل وتی: تەماشاکە ئەم ئاغای منە چەند کەرە؟ ئاخر ناڵێ ئیمڕۆ شەنبەیە و شەریکەی شەلەمۆ جوو دانانیشێ!

ئەوی تریشیان وتی: کورە ئاغای من زۆر کەرە. ئەوەتانێ تەلەفونەکە لە بن دەستیەوەیە، تەلەفون ناکا بۆ ماڵەوە بزانێ خۆی لە ماڵەوەیە، دێنێ هەڵکوت هەڵکوت من ئەنێرێ بۆ ماڵەوە!