دیسان حەسەن بەگ گێڕایەوە وتی شێخ ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  508 بینین

دیسان حەسەن بەگ گێڕایەوە وتی: شێخ حسامەدین وتی: ئەم دەرمانی «فلیت»ە تازە هاتبووە عێراقەوە، پڕوپاگەندەی زۆری بۆ ئەکرا؛ بە تایبەتی لە بەغدادا هەر چەند هەنگاوێک ئەڕۆیشتیت ئێعلانێک هەڵواسرا بوو لێی نووسرا بوو «امشی»

وتی ڕۆژێک شێخ عوسمانی برام لە بەغدا لە «باب الشرجی» یەوە ئەیەوێ بۆ شوێنێک بڕوا سەیر ئەکا لە قەد کۆڵەکەیەکەوە نووسراوە «امشی»، دنیاش گەرمای نیوەڕۆیە. پێی لێ ئەکا بە پشتا و ئەڕوا. زۆری پێ ناچێ تووشی کۆڵەکەیەکی تر ئەبێ دیسان نووسراوە «امشی»، ئەوەندەی تر هەنگاو توند ئەکاتەوە. بەمجۆرە بینی پێوە ئەنێ تا ئەگاتە «باب المعظم» هەر چەند «امشی» ئەبینێ ئەو خێراتر خۆی گورج ئەکاتەوە. لە «باب العظم» سەیر ئەکا دوو سێ پیاوی لای خۆمان لەبەر کۆڵەکەیەکا وەستاون و قسە ئەکەن. لە قەد کۆڵەکەکەش نووسراوە «امشی». ئەویش لێیان تووڕە ئەبێ و ئەڵێ: ئەوە چۆن لێرەدا وەستاون؟ ئەی چاوتان لێ نییە نووسراوە «امشی»؟ یانێ بڕۆ، ئاخر نازانن ئەمە فەرمانی حوکومەتە؟ چۆن نافەرمی حوکومەت ئەکەن و لێرە ئەوەستن؟ ئەوانیش زۆر سەریان سڕ ئەمێنێ و لە ئاخرا تێئەگەن کە مەسەلەکە چییە، تێی ئەگەیەنن کە بابە ئەمە مەبەست ئەوە نییە کە بڕۆ. هیچ ئیعلانی حوکوومەتیش نییە؛ ئەمە پڕوپاگەندەیەکە بۆ فلیت کە عەرەبەکان پێی ئەڵێن «امشی!»