حەسەن بەگ بۆی گێڕامەوە کە شێخ محەمەدی ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  739 بینین

حەسەن بەگ بۆی گێڕامەوە کە شێخ محەمەدی شێخ حسامەدین گێڕایەوە وتی: شێخ عوسمانی برام لەگەڵ دایکم ئەچوون بۆ حەج و چوونە بەغدا؛ دنیاش هاوینە، وتی: بەیانییەک دایکم پێی ئەڵێ: کوڕم عوسمان بچۆ ئۆتۆمۆبێلێک بگرە با بڕۆین. شێخ عوسمانیش ئەچێت و ئەڕواتە سەر جادە ئۆتۆمۆبێلێک دێت. لە دواوە پەلاماری ئەداتێ بۆی ناگیرێ! یەکێکی تر دێت دیسان ئەیەوێ بیگرێ. بە کورتی تا ئێوارە پەلاماری ئۆتۆمۆبێل ئەدا هیچ بە هیچ ناکا! دایکیشی لەو لاوە هەر چاوەڕێیە کوڕ بێتەوە و ئۆتۆمۆبێل بێنێ و بڕۆن.

ئێوارە شێخ عوسمان ئەگەڕێتەوە بۆ لای دایکی، عەرەقی سوور و شینی دەرداوە و ماندوو و هیلاک. دایکی پێی ئەڵێ: کوڕم ئەوە ئیمڕۆ لە کوێ بووی؟ خۆ تۆ چوویت ئۆتۆمۆبێل بگری و بیهێنی. کوا ئۆتۆمۆبێلەکە؟ شێخ عوسمانیش ئەڵێ: دایە لێم گەڕێ؟ ئیمڕۆ هەر مردم. لە بەیانییەوە تا ئێستە هیچ ئۆتۆمۆبێلێک نەما کە پەلاماری نەدەمێ ئێستە و ئێستا ئۆتۆمۆبێلێکم بۆ نەگیرا. هیچیان لە وزەی منا نەبوون. دەستم ئەدایە هە ئۆتۆمۆبێلێک لە باتی ئەوە کە من ئەو بگرم. کە چی ئەو منی ڕائەکێشا. لە بەر ئەوە هیچم بۆ نەگیرا!