ژن و مێردێک سێ کوڕی منداڵیان ئەبێ یەکێک...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  469 بینین

ژن و مێردێک سێ کوڕی منداڵیان ئەبێ. یەکێکیان هەر زۆر منداڵ ئەبێ لە هیچ تێناگا. شەوێ خەبەری ئەبێتەوە سەیر ئەکا باوکی وا بە سەر دایکیەوە. لای وا ئەبێ کە ئەمە باوکی دایکی ئەخنکێنێ! دەست بە برا ناونجیەکەیەوە ئەژەنێ و خەبەری ئەکاتەوە؛ بە شڵەژانێکی منداڵییەوە پێی ئەڵێ: باوکم دایکم ئەخنکێنێ! ئەو برایە تێئەگا چ باسە، پێی ئەڵێ: بنوو من ئەزانم چی ئەکەن. کوڕە منداڵەکە لەم هەچ تێناگا. برا گەورەکەی خەبەر ئەکاتەوە و بەو ئەڵێ، ئەویش دیسان گەورەترە لە کارەسات تێئەگا، ئەویش پێی ئەڵێ: بنوو، بنوو خۆی ئەزانێ چی ئەکا!

کوڕە منداڵەکە زیرەک و شەیتان ئەبێ، ئەمیش ئەمجا تێ ئەگا کە مەسەلە چییە ئەڵێ: بە «من ئەزانم» و بە «خۆی ئەزانێ» باوکمتان کرد بە کەڵەگای دایکم. کە واتە ئەمە زەماوندە!

هەڵئەستێ و دەست ئەکا بە هەڵپەڕین! براکانی تریش بەم ئیشەی ئەمدەست ئەکەن بە پێکەنین و ئەبێ بە هەرا. باوک و دایکی قوڕبەسەر ئیشیان لێ تێک ئەچێ و ئەمجا ئەوان خۆیان ئەکەنەوە بە نوستوو!