لەو بەرکێوە کوڕێک دایکێکی تەڕپیری بێوەژن...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  1480 بینین

لەو بەرکێوە کوڕێک دایکێکی تەڕپیری بێوەژنی هەبوو؛ بە ئەمری شەرع دایکەکەی دا بە شوو. دایکەش لە خۆشییا پێی بە عەرز نەئەکەوت. کابرای زاوا پارەی نارد بۆ ماڵی بووکێ کە جیازی بووکێنی بۆ بکڕن. ژنە وتی: کوڕم من خۆم ئەچم بۆ شار بە دڵی خۆم جیاز ئەکڕم. کوڕەش وتی: باشە.

پاش ئەوە بووکێ بەڕێ کەوت بۆ شار، کوڕەکە وتی: بەخوا دایە! منیش دێم خوێمان نەماوە بارە خوێیەکیش ئەکڕم ئەیهێنمەوە. دایکە وتی: باشە کوڕم. پێکەوە بەڕێ کەوتن و چوون بۆ شار. ئەو جیازی خۆی کڕی و ئەمیش بارە خوێی خۆی کڕی و نای لە گوێدرێژێک و گەڕانەوە.

ڕووبارێک لەسەر ڕێگەیانا هەبوو گوێدرێژەکە نەیئەدا لە ئاوەکە. بووکێ شتوومەکەکانی خۆی دا بە کۆڵیا و پێش کەوت بۆ ئەوە گوێدرێژەکە بە شوێن ئەوا بڕوا بووکێ قیتەقیت لە پێشەوە ئەڕۆیشت. هەروا هەڵی گرتبوو و پەڕییەوە، لە ناوەڕاستی ئاوەکە کەرەکە مانی گرت و نەڕۆیشت. بووکێ ئاگای لێ نەبوو لەوبەر ئاوەکە بانگی ئەکردە کوڕەکەی: کوڕم تێیخوڕە با بێت. بەڵام کەر مانی گرتبوو و نەئەڕۆیشت و لە ناوەڕاستی ئاوەکەدا خۆی دا بە زەویا و خوێکە بە تەواوی توایەوە!

ئەمجا لەوبەر ئاوەکەوە بانگی ئەکرد: کوڕم خێری تیایە قەیناکا، گوێدرێژەکە بێنە و وەرەوە. کوڕەش وتی: دایە خێری چی تیایە؟ خێری قوزی تۆی تیایە، ئەگینا کە خوێکە ڕۆیشت ئیتر خێری چی تیایە!