کابرایەکی کورد لە قزرابات حەمە شەریفی ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  516 بینین

کابرایەکی کورد لە «قزرابات» حەمە شەریفی ناو بوو مەعمووری تەل بوو. دوو ژنی هەبوو یەکێکی تورکمان یەکێکی کوردمانتورکمان و کوردمان: زەڕەتورک و زەڕەکورد.

ئەم ژنانە لەگەڵ حەمە شەریفا هەتا بڵێیت خراپ بوون و بە هیچ جۆر بە قسەیان نەئەکرد، سەرباری ئەوەش درێغییان لە جنێو و فەزیحەتیش هەر نەئەدا!

ڕۆژێک حەمە شەریف لە قرچەی تەمووزا ئەچێ بۆ تەل چاککردن. پانزە ڕۆژی پێ ئەچێ، هیلاک و ماندوو و مردوو ئەگەڕێتەوە. ژنەکانی هیچ گوێی نادەنێ، بەتایبەتی ئەمجارە، ژنەکان قسە ئەکەن بە یەک، کە بەتەواوەتی گوێی نەدەنێ، بەڵکوو ماڵەکەی پێ بەجێ بێڵن.

حەمە شەریف کە ئەزانێ ئەم ژنانە وای لەگەڵ ئەکەن، ئەویش هیچ خۆی تێک نادا بە هەر جۆر بێت ئەو شەوە ڕۆژ ئەکاتەوە. بەیانی زوو شەربە شڕێک کە شەوێ لە تەنیشت خۆیەوە داینابوو و پڕی بوو لە ئاو، هەڵئەستێ شەربە ئاوەکە ئەکا بە سەر خۆیا و ئەڵێ: نیەتمە لەش پیسی لە خۆم دەر ئەکەم!

ژنەکان چاویان لەم کارەساتە ئەبێ، هەر یەکەیان لە دڵی خۆیا ئەکەوێتە قینەوە لەوی کەیان. ئەو ئەڵێ: ئەوە پیاوەکە لەگەڵ ئەوا ئیشی کردووە، ئەویکەشیان ئەڵێ: لەگەڵ ئەویکەیانا!

لەسەر ئەمە ئەگیرێنە یەک و بەر ئەبنە جنێودان بە یەک و هیچ قسەیەکی ناشیرین هەیە بە یەکی ئەڵێن. ئەو بەو ئەڵێ: تۆ دەستی منت کرد بە زاخا هەی واو لێ کراو کە چی تۆ خۆت چوویت لەگەڵی درووست بوویت. ئەویش هەروا ئەڵێ بەو لەسەر ئەمە ئەنیشنە مل یەک و سەر و گوێڵاکی یەک ئەکوتن. حەمەشەریفیش لە دوورەوە سەیریان ئەکا و هیچ دەنگ ناکا.

ئیتر لە دوای ئەم کارەساتە هەر وەخت حەمە شەریف دەرئەکەوت هەر یەک لە ژنەکانی بە جیا خزمەتیان ئەکرد و هەر کامەیان بە جۆرێکی تایبەتی ئەیویست خۆی بباتە پێشەوە.