لەو سەرە پیاوێک هەبوو شێخ حەمە عەلیەکەڕ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  639 بینین

لەو سەرە پیاوێک هەبوو «شێخ حەمە عەلیەکەڕە» یان پێ ئەوت. پیاوێکی لە خواترس و نوێژ و ڕۆژوو قایم بوو. گوێشی زۆر گران بوو؛ تا پیاو نەیقیڕاندایە گوێی لە هیچ نەئەبوو. ئیتر ئیشی خوایە ژان و بایەکیش لە سکیا هەبوو دەستنوێژی زۆر بۆ ڕانەئەگیرا. بەڵام بەوە ڕاهاتبوو کە بای لێ ئەبوەوە خۆی پێی ئەزانی ئەمە بای لێ بووەتەوە، هەڵئەستا دەستنوێژی ئەشۆردەوە. ئەوەندە هەبوو ئەو هەر بایەکی لێ ببووایەتەوە لە بەر گوێ گرانیەکەی - بیلامانێ - بە بای بێدەنگی ئەزانی. لەگەڵ ئەوەدا لەبەر بەهێزی ژان و بایەک، ناشوکری نەبێ قەت ئەو بایەی خۆی وای ئەزانی لێوە نەهاتبوو. ئەم شێخ حەمە عەلییە پیاوێکی هەبوو «سۆفی عەوڵا»ی ناو بوو. ئەم سۆفی عەوڵایە ئەوەندە لە دیوەخانا گوێی لە وردە بەزمە ببوو کە شێخ بە شتێکی تر تێ ئەگەیشت، گەیشتە جەرگی پێی وت: یا شێخ ڕۆحم وە فیدات بێ! ئەوی تۆ بە «تس»ی تێ ئەگەی «تڕە» با پێت بێژم!