ئەحەی کڕنوو لە سلێمانی شەربەتی مێوژی ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 6 خولەک  749 بینین

ئەحەی کڕنوو لە سلێمانی شەربەتی مێوژی دروست ئەکرد. جارێک سێ بار مێوژی ڕەشکەی لە کابرایەکی جاف لە شارباژێڕ کڕیبوو بە نۆزدە تارانی. پارەکەی ناداتێ و ئەڵێ: سبەینێ کە هاتیتەوە بۆ هۆڕەکان پارەکەشت ئەدەمێ. لە سبەینێدا کابرا دێتەوە بۆ پارە و هۆڕەکان. خاڵە ئەحمەد هۆڕەکانی ئەداتێ و ئەڵێ: بە خوا فڵانی کیسە پارەکەم لە ماڵەوە بە جێ هێشتووە ناتوانم دووکانەکەشم بەجێ بێڵم، سبەینێ وەرەوە پارەکەشت ئەدەمێ، جارێ هۆڕەکانت بگرە. کابرا ناچار لێ ئەدا ئەڕوا و سبەینێ دێتەوە ئەڵێ: خاڵە ئەحمەد هاتوومەتەوە بۆ پارەکە. ئەڵێ: یاخوا بە خێر بێیتەوە ها ئەوە شەربەتێ بخۆرەوە جارێ، پاشان پێی ئەڵێ بچۆ گوێدرێژ و شتەکەت بێنە و لێرە پارە و هەمانەکەت وەربگرە و بڕۆ. هەمانەکەشی پێ دائەنێ، کە کابرا ئەڕوا، ئەم دووکانەکەی بەجێ دێڵێ و ئەڕوا. کابرا بە سێ گوێدرێژەوە لە بەر دووکانەکەدا ڕائەوەستێ و ڕێگای بازاڕەکە ئەگرێ. خاڵە ئەحمەدیش دیار نییە ئەوا ڕێگا و بانیش کەرەکان گرتوویانە. هەر کەس ئەهات دەستی ئەکرد بە جنێودان بە کابرا کە بۆ چی ناو ڕێگاکەی گرتووە. ئەویش ئەیوت: بۆ چی جمێن ئەدەن؟ مێوژم فرۆشتگە وە خاڵە ئەحمەد، پارەکەی نەداگمەسێ، دوێنێ هاتم شەروەتێکی دامێ - وە قوزڵقورتم وێ - بەیانی بێرەوە لێرە پارەکەشت وەر بگرە و یەک ڕێ بچۆرەوە. ئەو وتی کەرەکانیشت بێرە هەمانەکەشی لێ گل داگمەسەوە، ئەوا ئێستە هاتگم کە چی ئەو لێرە نییە نازانم بۆ کوێ ملی شکاندگە.

ئەمە ئەڵێ و هەچە ئەکا لە گوێدرێژەکانی و بەرەودوا ئەیانگێڕێتەوە و هەر ئەڵێ: هەچە بکەم وە قنگی دایکی ئەو کاورایە کە وا لە خەڵکی ئەکا. یا بێژە کاورا تۆ بۆ چی دەستی خەڵکی ئەوڕی؟

ئەو ئەڕوا و ئەحەی کڕنوو دێتەوە سەر دووکانەکەی. لای ئێوارە کابرا هەر خۆی تەنیا دێتەوە. خاڵە ئەحمەد ئەچێ بە پیریەوە و خۆی لێ تووڕە ئەکا و ئەڵێ: ئەوە تۆ لە کوێیت لە بەیانییەوە چاوەڕێت ئەکەم هەر دیار نەبوویت. پارەکەم دایە دەست ئەو کوڕە کەبابچییە کە لە بەرانبەرمەوەیە بۆت بێنێ بچۆ لێی وەرگرە. هەندێ دۆیش ئەکاتە ناو هەمانەکەی و لێوارەکەی ئەدا بە دۆشاوەوە و ئەڵێ: ئەوەش دۆشاوە کردوومەتە ناو هەمانەکەوە بیبەوە بۆ منداڵەکانت، لەو شارەزوورە دۆشاو تاسوخە. کابرا وتی: خوا ڕاوەستاوت کا و لێی دا چوو بۆ دووکانی کەبابچی.

کە ڕووی کردە دووکانی کەبابچی شاگرد وا ئەزانێ مشتەرییە وهاتووە، وتی: فەرموو کاکە، ئەمیش بەبێ قسە چوو دانیشت و دوو لوولە کەواویان لە ناو لەواشەیەکا بۆ هێنا، وتی: ئەم عەزێتەت بۆ کێشا و دەستی کرد بە خواردنی. کە لێ بووەوە هەستا چوو بە لای شاگرد کەبابچییەوە، وتی: کاکە پارەکە کە خاڵە ئەحمەد پێی داگی بمدەیتێ، بمدەرێ با بچمەوە وا شەو داهات. ئەویش وتی: برا پارەی چی بێنە پارەی کەبابەکە بدە. وتی: برا پارەی کەبابی چی تۆ خۆت نەتوت فەرموو؟ بەردت لێ وارێ ئاوا میوانداری ئەکەن؟ کوڕە وتی: کورە میوانداری چی و پارەی خاڵە ئەحمەدی چی، بێنە پارەی کەبابەکە. لەم قسەیەک و لەو قسەیەک. بوو بە شەڕیان، یەک دوو شاگردی تریش لێی کۆ بوونەوە دەستیان کرد بە لێدانی و بە داواکردنی پارەی کەبابەکە. ئەمیش هەر ئەڵێ: کوڕە دەویت باوک پارەکەی خاڵە ئەحمەد کە داگیە پێت بمدەرێ گوو وە ڕیش باوکتان شاری، بۆ خۆتان و میوانداریتان! یەکێ لە شاگردەکان جامانەکەی لەسەر کردەوە و بردی لە باتی پارەی کەبابەکە؛ یەکێکی تریشیان هەمانەکەی لە دەست سەند و ماڵی بە سەریا، بۆ چ هەمانە دۆکە نەڕژی بە سەر و ڕیشیا! بەم جۆرە لێک بوونەوە شەو داهات.

کابرا بە سەری بێ جامانە و ڕیشی دۆواوییەوە گەڕایەوە بۆ خانەکە بۆ لای وڵاخەکانی. هەر ئەیوت بکەم وە قنگ دایکتەوە ئەحەی کڕنوو هەتا ڕۆژم لێ ئەوێتەوە. لەو لاشەوە کە خاڵە ئەحمەد ئەمی بەمجۆرە دەسەسەر کرد دووکانی خۆی هەڵگرت و چووەوە بۆ ماڵەوە.

بەیانی کە ڕۆژ بووەوە کابرا چووەوە بۆ بەر دووکانەکەی خاڵە ئەحمەد. خاڵە ئەحمەد لە دوورەوە هات بە پیرییەوە و دەستی کرد بە جنێودان پێی، وتی: کابرا تۆ بۆ لە ناو خەڵکا حەیای منت بردووە ئەڵێی پارەی خواردووم، پارە کەی ئەخورێ؟ تۆ لوولە کەبابت خواردووە یا من پارەم خواردووە؟ ئەرێ خەڵکینە کەباب ئەخورێ یا پارە؟ ئەرە ئەوە بۆ لە خواترسێک نییە بێنێ شەرعی من و ئەم کابرایە بکا؟

خەڵکێکی زۆر لێیان کۆبوونەوە، پاشان خاڵە ئەحمەد وتی: خەڵکینە من سێ بار مێوژم لەم پیاوە کڕی بە نۆزدە قڕان وایە یا وا نییە؟ کابرا وتی بەڵێ واسە. وتی: نۆزدە قڕانەکەم دابووە دەست ئەو کوڕە کەبابچییە بۆی ئەویش چوو کەبابی خوارد، وتی: کەبابت خوارد یا نەتخوارد؟ وتی: بەڵێ خواردم وە قوزەڵقورتم وێ! وتی: ئەی ئیتر چیت لێم ئەوێ؟ من پارەم ڕۆیشتووە کە چی تۆش سەرباری دەنگ ئەکەی و ئەڵێی پارەی خواردووم. ئەرێ خەڵکینە ئێوە ئەگەر دینیشتان نییە بۆ خوا قسە بکەن. پارە چۆن ئەخورێ؟ ئێستەش من لەبەر خاتری دۆستایەتی جارێکی تر پارەکەی هەر ئەدەمێ ئەوەی ڕۆیشتووە، بەڵام بە جارێ ناتوانم بیدەمێ بە سێ جار ئەیدەمێ؛ هەر حەفتەی جارێ. کابرا وتی باشە.

ئەمجا خاڵە ئەحمەد وتی: حەفتەی یەکەم بەشێکی، ئەوە چەندە؟ وتی ئەوە شەش قڕان. وتی حەفتەی دوومیش شەش قڕان. ئەوە چەندە؟ کابرا وتی ئەوە دوانزە قڕان. وتی حەفتەی سێیەمیش شەش قڕان، ئەوە چەند؟ وتی ئەوە هەژدە قڕان. وتی: ها ڕەحمەت لە باوکت مایەوە چەند؟ وتی مایەوە قڕانێک. وتی ئا ئەوەش قڕانەکە و خوات لە گەڵ ئیتر بۆ چی حەیات بردووم هەر ئەڵێی پارەی خواردووم؟ ئەوە هەر نۆزد قڕانەکەت وەرگرت ئیتر چیت ئەوێ؟ وەرتگرت یا وەرت نەگرت؟ ئەویش ئەڵێ: بەڵێ وەرم گرت خوا لە برایەتی کەمت نەکا. وتی وە دۆعا و لێیدا ڕۆیشت بە تاکە قڕانییەکەوە، بەڵام ئەو لای وا بوو هەر نۆزدە قڕانەکەی وەرگرتووە!