کابرایەک هەبوو لە سلێمانی خەپەیان پێ ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  688 بینین

کابرایەک هەبوو لە سلێمانی «خەپە»یان پێ ئەوت؛ کابرایەکی شێتی بەهێزی هەتا بڵێی زل بوو. کفتەی سلێمانی بە ناوبانگ بوو، ژنان لە ماڵان خەپەیان بانگ ئەکرد بۆ ئەوە گۆشتی کفتەیان بۆ بکوتێ. خەپەش بە تەمای کفتە خواردن سەری بە هەموو ماڵێکا ئەکرد. ژنان کە خەپە بەو شان و قۆڵەوە گۆشتەکەی بۆ ئەکوتان، ئەوانیش دەوا ودەرمانیان تێ ئەکرد و ئەیانخستە سەر مەنجەڵ، بە خەپەیان ئەوت: خەپە زۆر هیلاک بوویت بچۆ تۆزێ بۆ خۆت بنوو بحەسێرەوە. خەپەش ئەیوت: باشە و ئەچوو ئەنووست. تا ئەو لە خەو هەڵئەستا کفتە پرزۆڵیش نە ئەما. خەپە قەت بە عەمری خۆی کفتەیەکی نەخوارد!