ئەحەی کڕنوو لە سلێمانی کوڕێکی هەبوو ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  1018 بینین

ئەحەی کڕنوو لە سلێمانی کوڕێکی هەبوو نەخۆش کەوتبوو. حەکیم برایمی گاور هەبوو چووە لای کە کوڕەکەی بۆ چاک بکاتەوە و پێنج مەجیدی بداتێ. حەکیم برایم هاتە سەر کوڕە و دەرمانی کرد و کوڕە چاک بووە، داوای مزەکەی کرد. ئەحەی کڕنوو وتی: نیمە بتدەمێ. لەم قسە و لەو قسە لە ئەنجاما ئەحە پێی وت: حەکیم برایم ئەمەی پێ ناوێ. نیمە بتدەمێ، بەڵام ڕێگایەکت بۆ دائەنێم کە پێنج مەجیدییەکەتت دەست ئەکەوێ؟ وتی چییە؟ وتی: خواجە شەلەمۆ هەیە لە جوولەکان، خۆیشت ئەیناسی، بچۆ شکاتی لێ بکە لە لای قازی بڵێ پێنج مەجیدیم لایەتی. من و کوڕەکەم بکە بە شاهید، دێین و شایەتیت بۆ ئەدەین ئەوا بەو جۆرە پارەکەت دەست ئەکەوێ!

حەکیم برایم چارناچار ئەچێت وەکوو ئەحە پێی ئەڵێ شکات ئەکا لە خواجە شەلەمۆ. ئەحەی کڕنوو و کوڕەکەی ئەکا بە شاهید! قازی. شەلەمۆ بانگ ئەکا، ئاگای لە هیچ نییە بە حەکیم برایم ئەڵێ: شایەتت هەیە؟ ئەڵێ: بەڵێ. ئەحەی کڕنوو و کوڕەکەی. شاهید بانگ ئەکرێ و بەمجۆرە پێنج مەجیدی ئەکەوێتە سەر خواجە شەلەمۆ و لێی ئەستێنن و ئەیدەن بە حەکیم برایم و دێتە دەرەوە.

ئەمجا ئەحەی کڕنوو سەری ڕێی پێ ئەگرێ و داوای حەقی خۆی و کوڕەکەی لێ ئەکا. حەکیم برایمیش ئەڵێ: مامە ئەحە حەقی شایەتی چی؟ تۆ کەر بە پیاو ئەگێی و شایەتمانیشی پێ دێنی. ئەڵێ: کافری بێ دین! ئەی من حەماڵی شەیتانم؟!

خەڵک و خوا ئەکەونە بەین تا بە چوار مەجیدی مامە ئەحە ڕازی ئەکەن قیر سپی ئەبێ!