ئەحەی کڕنوو جارێک گەڕ بە کابرایەکی ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  717 بینین

ئەحەی کڕنوو جارێک گەڕ بە کابرایەکی شارباژێڕی دا ئەئاڵێنێ بارە مێوژێکی لێ لائەدا. ئەبێ بە هەرایان و ئیشیان ئەکەوێتە شکات و شکاتکاری، ئەچن بۆ لای قازی. حاجی ئەحمەد بەستووگەیەک پڕ ئەکا لە توێکڵە گوێز و سەرەکەی پڕ ئەکا لە ڕۆن و ئەیبا بۆ قازی. قازی کووپەلە ڕۆن ئەبینێ بە لای حاجی ئەحمەدا دای ئەتاشی و پسووڵەی ئەداتێ کە ئەم حەقە هی حاجی ئەحمەدە.

حاجی ئەحمەد لێ ئەڕوا و بارە مێوژی شارباژێڕی ئەخوا. زۆری پێناچێ قازی تێئەگا کە کووپەڵە چی تێدایە. ئەنێرێتەوە بە شوێن ئەحەی کڕنوودا کە پسووڵەکە بێنێتەوە سەهوێکی تێدایە بۆی چاک کەم. ئەحەی کڕنووش وەڵامی بۆ ئەنێرێتەوە ئەڵێ: سەهو لە پسووڵەدا نییە، ڕەنگبێ سەهو لە کووپەڵەدا بێ، با هەر لە گووپی بدا!