ساڵێک حاجی سەعید ئاغای سلێمانی و حاجی ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  723 بینین

ساڵێک حاجی سەعید ئاغای سلێمانی و حاجی قادری ڕوغزایی و حاجی مارفێکی مکایلی سەفەری حەج یەکیان ئەخا و پێکەوە ئەچن بۆ حەج. لە عەرەفات و تەوافیشیان هەر پێکەوە ئەبن و لێک جیا نابنەوە. کە ئەگەنە بەر کەعبە حاجی سەعید ئاغا قوڵفی کەعبە ئەگرێ و ئەڵێ: خوایە لە شوکرانەی ئەو کە منت گەیاندە ئەم شوێنە چوار دووکان لە دووکانانەم لە ناو قەیسەرییەکەدان خێری مەولوودی پێغەمبەر بێ، کە چوومەوە بیانفرۆشم و پارەکەیان بکەم بە خێر.

حاجی قادری ڕوغزایی کە چاوی بەو ئەکەوێ ئەمیش قوڵفی کەعبە ئەگرێ و ئەڵێ: خوایە لە خۆشی ئەوەدا کە گەیشتمە ئەم شوێنە موبارەکە، سی سەر مەڕ لەو مەڕانەم کە مەڕە پەڕەکەی تێدایە خێری مەولوودی پێغەمبەر بێ. هەر کە چوومەوە بە زیندووی هەر یەکیان بدەم بە یەکێ.

حاجی ماریفیش کە سەیر ئەکا هاوڕێکانی ئەم نەزر و خێر و خێراتەیان کرد. ئەمیش ئەچێ قوڵفەکەی ئەگرێ و ئەڵێ: خوایە من نە دووکانم هەیە بیکەم بە خێر، نە مەڕێ ناو شوانکارم هەیە دەست بکەم بە وادەی درۆ و دەلەسە لەگەڵت. من هەم و فاتەی دایکی منداڵەکان، هەر لە ئێستەوە هەر سێ تەڵاقی فاتەی دایکی منداڵەکانم بە مەولوودی پێغەمبەر، چاوت لێیە خوا! تەگبیرم کردن و تڕم وڕین؟ تۆش ئاگات لە حەساوی خۆت وێ!