ساڵێک سالار الدولە ڕووی کردبووە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  747 بینین

ساڵێک «سالار الدولە» ڕووی کردبووە کوردەواری بەو نیازەی کوردەکان یارمەتی بدەن و تاج و تەختی ئێران وەربگرێتەوە. ڕێی ئەکەوێتە گەرمیان ماڵی کەریم بەگی فەتتاح بەگ؛ ماوەیەک لەوێ ئەمێنێتەوە. ڕۆژێک لەگەڵ کەریم بەگ و ئەوانا ئەچن بۆ ڕاو. سەر لە ئێوارە لێک دائەبڕێن. سالار الدولە لەو دەشتەدا شەوی بە سەرا دێت. تاقە ماڵێکی جاف لەو ناوەدا ئەبێ شەوێ ئەچێتە ئەوێ. کابرای جاف چی بۆ ڕێک ئەکەوێ بۆی دائەنێ. ئەمیش هیلاک ئەبێ ئاو زۆر ئەخواتەوە. یەکەم جار کە داوای ئاو ئەکا ئاوەکە ئەخواتەوە ئەڵێ: من یەکێ لە پیاوەکانی سالار الدولەم. جاری دووەم کە ئاوی بۆ دێنن ئەیخواتەوە ئەڵێ: من یەکێ لە پیاوە گەورەکانی قاجاڕم. جاری سێیەم کە ئاوی بۆ دێنن ئەیخواتەوە و ئەڵێ: من سالار الدولەم. کابرای جاف ناوی سالار الدولەی بیستووە نایناسێ، ئیتر ئەگاتە تینی و ئەڵێ: جاری یەکەم کە ئاوەکەت خواردەوە وتت پیاوی سالار الدولەیت، جاری دووەم وتت یەکێک لە گەورەکانی قاجاڕیت، جاری سێیەم وتت سالار الدولە. ئەم جارە بیخۆیتەوە داوای خوایی ئەکەی. وە کەلام من و خوا لە ماڵێکا پێکمانەوە نامانکرێ دەوێت باوک ئیتر لەسەری مەڕۆ!

کە ئکەوێتە سبەینێ کەریم بەگ و ئەوان کۆ ئەبنەوە و سالار الدولە ئەدۆزنەوە. جافی ئەو دەورەش ئەوە بوو زۆر لە کەریم بەگ ئەترسان. کابرا لە ترسی ئەوە نەوەک سالار الدولە قسەکە بگێڕێتەوە بۆ کەریم بەگ، خەریک ئەبێ ماڵەکە بەجێ بێڵێ. سالار الدولە هەستی پێ ئەکا و ئەڵێ: بانگی کەن. کابراکە ئەهێننەوە لە ترسا ڕوو ئەکاتە سالار الدولە و ئەڵێ: وەو شێخ کەریمە ئەگەر داوای چوارەمیشت بکردایەت هەر ڕاستت ئەکرد. پاشان سالار الدولە قسەکە ئەگێڕێتەوە و هەندێ پارەش ئەدا بە کابرا.