کابرایەکی جەباری دنیا زستان ئەبێ لەگەڵ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  996 بینین

کابرایەکی «جەباری» دنیا زستان ئەبێ لەگەڵ کاروانا دێت بۆ کەرکووک. بەیانی ئەگەنە «تەپەلوو». بە کاروانەکە ئەڵێ: ئێوە بڕۆن تا من نوێژەکەی بەیانیم ئەکەم و پێتان ئەگەم. ئاوی «تەپەلوو» بەچکە ڕووبارێکە سەرچاوەکەی لە قەرەحەسەنەوە دێت تا دەگاتە ئەوێ، زۆر دوورە هەر هەوا لێی ئەدا و زۆر سارد ئەبێ. کابرا ئەچێتە سەر ئاوەکە تارەت بگرێ. دنیا ساردە ئاو بووە بە تەختە. کە ئاو هەڵئەگرێ و ئەیدا بە خۆیەوە، خۆی لە بەریا ڕاناگرێ و هەڵ ئەبلۆقێتەوە چەند جارێک ئاو ئەدا بە خۆیەوە هەر نایگرێ لە ئاخرا ئەڵێ: بکەم وە قنگ باوکتەوە بیگرێ و نەیگرێ هەر ئەم جارەیە. ئەو جارەشی پێوە ئەدا هەر نایگرێ. پاشان هەڵ ئەستێ ڕوو ئەکاتە ئاوەکە و ئەڵێ: دەوێت باوک هەر ئەم ساردییەی تۆ بوو کەوا «تەپەلوو» و «لەیلان»ی کردە وە «ڕافزی». ئەمە ئەڵێ و ئەڕوا بە شوێن کاروانەکەدا.