نەجمەدین مەلا هەبوو لە سلێمانی پیاوێکی ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  1190 بینین

نەجمەدین مەلا هەبوو لە سلێمانی، پیاوێکی قەلەندەر و بێ پەروا بوو. ژیانی نەجمەدین مەلا ژیانێکی سەیر بوو. تەمەنێکی درێژی هەبوو، سەری هەر ڕەش بوو. لە ڕانیە ژنێکی هێنا بوو تەڵاقی دابوو، کچێکی هەبوو کچەکەشی مردبوو. ئیتر دواچۆڕی بە هەموو شت هێنابوو. لە سەر جادەکەی سابوونکەران دووکانێکی بە کرێ گرتبوو و بە ڕۆژ بە منداڵانی ئەخوێند، بە شەو دیوانە کوردییەکانی ئەنووسییەوە. لە بارەی زمانی کوردییەوە خزمەتێکی زۆری کردبوو. نووسینی بۆ ڕۆژنامەی «ژین»یش ئەنووسی. دوو پشیلەی کەلەگەورەشی هەبوو بە گۆشت و سی بەخێوی ئەکردن. سەودایەکی تەواویشی هەبوو لەگەڵ خواردنەوەدا، بە تایبەتی بە شەو دەڕابەی دووکانەکەی لەسەر خۆی دا ئەدایەوە و بە یادی ڕابوێرانی کۆن ڕای ئەبوارد. ژوورەکەشی لە ماڵەکەی باجی زەمزەم ئەچوو. شەوێک ئەوا دەڕابەکەی لەسەر خۆی دادەداتەوە و کات پاش نیوەشەوە، هەر لەبەر خۆیەوە دایگرتووە ئەڵێ: هەیە، کوڕە هەیە، ئێمەش بەوێدا تیپەڕین. بە هەر جۆرە بوو دەڕابەکەمان پێ هەڵدایەوە و چووینە ژوورەوە. ئەو هەر ئیوت: هەیە، ئێ بابە چی هەیە؟ ئەڵێ: هەیە. لە ئەنجاما بە هەر جۆر بوو پێمان دەربڕی وتی: خوا هەیە) ئەوە! سەر خۆشیشە (وتمان: چۆن؟ وتی: خوا هەیە بەڵام ئیشەکانی قۆڕە. لەمە سەرمان سوڕ ما. وتمان: بۆمان بڵێ ئەمە چۆنە؟ وتی: من برسیمە، چوار پووڵم هەبوو. نانێک بە پێنج پووڵە. ئەوەتە نانەواخانەکەش بەرانبەرمە، پووڵێکی ترم نەبوو نانێکی پێ بکڕم. نانەواخانەکە هەڵی گرت. هەر کە نانەواخانەکە هەڵی گرت دوو دیناریان بۆ هێنام، ئەویش دوو دینارەکەیە، بەڵام نان نییە! ئەمجا گەڕایەوە سەر «هەیە. هەیە» کەی خۆی. ئیتر ئێمەش چووین بەو شەوە نانمان بۆ هێنا و تێری خوارد. وتمان: ئەمجا زیاتر بڵێ هەیە