کابرایەکی یۆسۆجانی لەو کاتەدا کە عێل بار...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  619 بینین

کابرایەکی یۆسۆجانی لەو کاتەدا کە عێل بار ئەکا بۆ کوێستان، دانی دێتە ژان و ئارامی لێ هەڵئەگیرێ. پێی ئەڵێن وەستا لە کفری بچۆ بیکێشە، ئەویش دێتە کفری و ئەچێتە لای پیاوێکی سەر تاش ئەڵێ: ددانم ژان ئەکا بم وەساقەت! بۆم دەربێرە. ئەڵێ: باشە باوکم دوو قران بدە تا بۆت دەربێنم. ئەڵێ: برا خوا هەڵناگرێ دوو قران، هەر قرانێکت پێ ئەدەم. کابرا نایکێشێ.

کابرای یۆسۆجانی ئارامی لێ هەڵئەگیرێ و ئەڵێ: برا بێژم چی، دەری بێرە. ئەمجا دانێکی پیشان ئەدا کە ژان ئەکا ئەڵێ: ئەوەسە. کابرای وەستا ئەو دانەی دەردێنێ؛ پاشان کابرای یۆسۆجانی ئەڵێ: ئەو ددانە نەو، ئا ئەمەسە کە ئێستە پێت ئێژم. پەنجە ئەخاتە سەر دانە ژان کردووەکە و وەستا ئەو دانەشی دەردێنێ.

پاشان دوو قرانەکەی ئەداتێ. ئەمجا پێی ئەڵێ: هەی دەویت باوک! تۆ گەرەکت بوو دوو قرانم بۆ ددانێ لێ بسێنی، وا ئەزانی هەروا پارە بەلاشە. ئاوا دایکت ئەگێم. دوو ددانم پێ دەر هاوردی وە دوو قران؛ هەر ددانێک کەوتە قرانێک ئیتر جارێکی تر نەیژی کورد شت نازانێ، ئاوات لێ ئەکەم.