کابرایەکی دەوڵەمەند ئێوارەیەک هاتەوە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  516 بینین

کابرایەکی دەوڵەمەند، ئێوارەیەک هاتەوە ماڵەوە، ژنەکەی نانی بۆ دروست کردبوو، ویستی تێی کا، کابرا چووە حەوشەوە. لە پاشان ڕووی کردە تەویلەکە. زۆری پێ چوو، هەر نەهاتەوە. ژنەکە دڵی کەوتە مەراقەوە، هەڵسا لە درزی دەرگای تەویلەکەوە تەماشای کرد؛ ماکەرێکی سپییان هەبوو، مێردەکەی بە ماکەرە سپییەوە نیشتووە! ژنەکە زۆرزان بوو، دەنگی نەکرد، گەڕایەوە جێی خۆی. بەیانی مێردەکەی هەڵسا بچێ بۆ دووکان، بە ژنەکەی وت: بۆ ئێوارە فڵان چێشت و فڵان چێشتم بۆ بکە. ئەویش دەستی نایە سەر چاوی.

ئێوارە کە هاتەوە تەماشای کرد ژنەکە لەناو لێفە و دۆشەکا کەوتووە و ئەناڵێنێ. لێی پرسی: ئەوە چ خێرتە؟ وتی: پیاوەکە لە بەیانییەوە لەرزم هاتۆتێ، زۆر بێحاڵم. کابرا وتی: بۆ ئێوارێ کەوابێ هیچ نییە بخۆم؟ ژنە وتی: بەڵێ، بۆت کراوە، ئەوەتە لە ژوورەوە لەسەر سینی داپۆشراوە. کابرا چووە ژوورەوە، تەماشای کرد ئەوا سێ دەوری لەسەر سینی سەرپۆشی بە سەرەوەیە، سەرپۆشێکی لابرد جۆ بوو، ئەویتریان «گنڕە»گیا بوو، سێهەمیان کا بوو!

کە ئەمەی دی، جنێوێکی زۆری دا بە ژنەکەی، وتی: «بۆچی من گوێدرێژم ئەمانەت بۆ داناوم؟ ژنەکە وتی: «مێردەکە! بۆچی جنێوم پێ ئەدەی؟ من ئەمڕۆ نەخۆش بووم، هەوێیەکەم -کە دوێنێ ئێوارە لە تەویلەکە دەستت لە ملیا بوو- هات خواردنی بۆ دروست کردی، ئیتر خەتای من چییە؟» کە ئەمەی بیست ئینجا زانی کە ژنەکە بە کردەوەی دوێنێی زانیوە، زۆر شەرمەزار بوو.