لە قسەی کوردانەیە ئەڵێ لە شارێک کە خەڵک...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  709 بینین

لە قسەی کوردانەیە ئەڵێ:

لە شارێک کە خەڵکەکەی بتپەرست بوون، ڕۆژێک جەژنیان بۆ گوێدرێژێکیان بە کورتانی قەیفە و سەرکەللەی ئاوریشم و زەنگوڵەی زیو ڕازاندبۆوە، بتەکەیان سوار کردبوو بە ناو شاردا ئەیانگێڕا، خەڵکی هەرچی تووشی ئەبوو، کڕنۆشی بۆ بتەکە ئەبرد و بە لەنگەری و سەبەتە نوقڵ و نەباتیان بۆ کەرەکە ئەهێنا. ئینجا گوێدرێژەکە خۆی لەو پایەیەدا دی، خۆی لێ گۆڕا، گازی لە خەڵکی ئەگرت و جووتەی هەڵئەدا! کابرایەک لەو شارە بوو، چوو سەری نایە بناگوێی و پێی وت: «ماڵکاول! بۆچی خۆتت لێ گۆڕاوە؟ ئەم ئیحترام و کڕنۆشە بۆ بتەکەیە، لەبەر تۆ نییە، تۆزێکی تر کە بتەکەت لەسەر لاچوو، ئەبیتەوە بە کەرەکەی جاران، بارت لێ ئەنێن و بە نەقیزە تێت بەرئەبن».