جارێکیان لەو کوردەوارییە لە دێیەک نوێژی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  569 بینین

جارێکیان لەو کوردەوارییە لە دێیەک نوێژی جومعە ئەکەن، سەیر ئەکەن یەکێکیان ناتەواوە؛ چونکە بەلای شافعییەوە ئەبێ چل کەس بن. گەلێ پیاو چاوەڕێی ئەکەن، کەسی تر پەیدا نابێ. هەتا لە دەمەدەمی عەسرا ئەبینن کابرایەکی کەپەنگ بە شان لە دوورەوە ڕووی کردە ئاوایی.

ئەچن بە پێشوازییەوە و پێی ئەڵێن: ئیشێکی خێر هەیە و لەسەر تۆ پەکی کەوتووە، تۆیش ئەبێ ئەم ئیشە بکەی بۆ خوا. ئەپرسێ: چییە؟ ئەڵێن: نوێژی جومعەیە و بە تۆ تەواو ئەبێ. ئەڵێ: تۆزێ لێم ڕاوەستن!

کەوشەکانی دائەکەنێ، ئەیداتە بندەستی و کەپەنکەکەی لوول ئەکا و ئەیخاتە سەر شانی، دوو پێی ئەبێ، دووی تری بۆ قەرز ئەکا و دەردەچێ! ئەڵێن: کوڕە ئەوە تۆ چیت کرد؟ بۆ کوێ ئەچی؟ ئەڵێ: «کوڕە بڕۆن من تا ئێستە هەزار ئیشم بووە بە خوا، یەکێکی بۆ پێک نەهێنام، ئێستا ئەو ئەم ئیشەی کەوتۆتە من، خۆ شێت نەبووم بۆی جێبەجێ کەم».