مەلا مەحموودی بانەیی کوێرێکی چەتەوڵی...
مەلا مەحمووی بانەیی کوێرێکی چەتەوڵی لووتزلی کونجی ناشیرینی چاوبەقوڵاچوو بوو، ڕیشێکی تەڵەتەڵە سپی پێوە بوو، کڵاوێکی قووچی بەسەرا بوو، مێزەرێکی سپی لە چڵکا داوەشاوی ئەبەست بە دەورییەوە. داردەستێکی گرێ گرێیاوی بە دەستەوە (باقڵێکم «پەڵک» بوو). جا ئەم مەلا مەحمووە شای ئێران (ناسرەدین شا) ساڵی چواردە تمەنی بۆ بڕیبۆوە، ئەبووایە لە بانەوە بچووایە بۆ تاران بۆ وەرگرتنی ئەم ساڵانەیە! ئەیوت: تا ئەچووم و ئەهاتمەوە هەشت مانگم پێ ئەچوو. ڕاستیشی ئەکرد؛ چونکە ئەو سەردەمە وەتر و شتە نەبوو.
وتی: «جارێکیان کە گەیشتمە ناو شاری تاران، بە ناو بازاڕا تێئەپەڕیم، بۆ ماڵی پاشا ئەچووم. سەیرم کرد لەسەر دووکانەکانەوە هەموو وتیان: «عومەری، عومەری!» هیچ دەنگم نەکرد، خێر پێیان لێ هەڵبڕی دەستیان کرد بە جنێودان بە حەزرەتی عومەر. زۆرم پێ ناخۆش بوو، خۆمم گرت، دەستم کرد بە جنێودان بەوان. تەماشام کرد ئەوان جنێو ئەدەن، منیش بەم جنێوانە کە ئەیاندەم هیچ دڵم ئاو ناخواتەوە. چارم نەما؛ منیش دەستم کرد بە جنێودان بە حەزرەتی عەلی! بە مە تۆزێ کوڵی دڵم دامرد، بەڵام هەر ئەوەندە خۆش بوو جنێو لە دەمم هاتە دەرەوە، بۆم داپەڕینە خوارەوە لەسەر دووکانەکان، هەر ئەوەندەیان تێ هەڵدام کڵاو و مێزەر و پشتێنەکەم ئێستەیش نازانم کەوتنە کوێوە! بەدەم تێهەڵدانەوە بە هەر پەلەپڕووزەیەک بوو، سەرم کرد بە کونی ماڵی پاشادا -مەبەستی بەم قسانە بارەگای پادشاهی بوو- وتی لەوێ کوردی پیاوماقوڵی سنەیی هەبوون، ئەگەر ئەوان ڕزگاریان نەکردمایە، جارێکی تر ئێوە ئەم مەلا مەحمووەتان نەئەدییەوە».