پیاوێک هەبوو لە سولەیمانی شێخەلییان ...
پیاوێک هەبوو لە سولەیمانی «شێخەلی»یان پێ ئەوت -شەرع شەرمی بۆ نییە پێیان ئەوت شێخەلییە پەڕۆ!- ئەم شیخەلییە لەم ئاخرەدا چاوی کوێر ببوو. تەزبیحێکی دەنک گەورەی سەد دانەیی هەبوو، هەموو ئێوارەیەک پاش نوێژی شێوان لەسەر سەکۆی مزگەوتەکە تەزبێحی «قُل هو الله و فاتحەی» ئەخوێند و خێرەکەی ئەنارد بۆ ئەو دۆست و ناسراوانەی کە لە وەختی خۆیا پێکەوە بوون و ئەیناسین.
بە سەرە ناوەکانی هەڵئەدا و ئەگەیشتە سەر حاجی فڵان لەبەینا ئەیوت: ئەو سەگبابە هەر چەندە زۆری عەزیەت کردم، بەڵام قەیناکا با ئەوەیشی تیا بێ! تۆزێکی تر ئەڕۆیشت و ئەگەیشتە سەر وەستا فڵان ئەوەستا و ئەیوت: ئەو کەرانباوگاوە هەر چەند هەمووجار کەواکەشی خراپ بۆ ئەدووریم، بەڵام قیروسیا با ئەویشی تیا بێ! تۆزێکی تر ئەڕۆیشت و ئەگەیشتە مەلا فلان ئەیوت: ئای ئای ئەو حیزبابە هەمووجار لەناو خەڵکا پێی ئەوتم تۆ مەلا نیت و ئەیشکاندم، بەڵام وا ئەزانم سەگ خواردی با ئەویشی تیا بێ! بەم جۆرە بە ناسراوەکانیا ئەهاتە خوارەوە، لە ئاخرا ئەیوت: خێری ئەم قولهوەڵڵا و فاتیحەیەم بۆ ناردن! ئەمانەشی کە ئەوت بە جنێو و بە قولهوەڵڵا، هەموو بە دەنگی بەرز ئەیوت. لەبەر ئەوەی چاوی کوێر و گوێی کەڕ بوو لای وا بوو کەسی بە دەورەوە نییە، کەچی هەموو جارێکیش چوار پێنج کەسێکی هەر بە دەورەوە بوو!