لە گوندێکی ئەو خۆشناوە ماڵێک لە گوندێکی ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  590 بینین

لە گوندێکی ئەو خۆشناوە، ماڵێک لە گوندێکی تر بووکێک دێنن. بووکە تا دوو سێ ڕۆژ میوان ئەبێ و هیچ ئیش ناکا. لەپاش سێ ڕۆژە خەسووەکەی پێی ئەڵێ: دە کچم هەڵسە ئەوە ئاوە و ئەوە سوێنەیە و ئەوەش ئاردە لەو کەنووە لەو دیوی کۆڵەکەکەوە بیانهێنە و هەویرەکە بکە. کچە هەڵئەستێ و ئەچێتە بەر کەنوو ئارد دەربێنێ، وا ڕێ ئەکەوێ ئەبێ دەستی بەم لا و بەو لای کۆڵەکەکەدا بەرێ تا ئاردەکە لە کەنووەکەی دەربێنێ. کە دەست ئەبا، پاشان دەستی بۆ دەرنایەتەوە و هەر لەوێ وشک ئەوەستێ! خەسووەکەی کە ئەیبینێ وا بووکە هەر دیار نەبوو، بانگ ئەکا: حایشێ، حایشێ! ئەو چما دیار نیت؟ حایشێش ئەڵێ: مابا کەی؟ دەستانم حاسی بووینە!

خەسووە، کە ئەچێ ڕاستە دەستی گیری خواردووە، چونکە دەستی بەم لا و بەو لای کۆڵەکەکەدا بردووە و پڕ مستی کردووە لە ئارد، ئیتر چار نییە! ئەیکا بە هەرا و هەموو ئاوایی کۆ ئەبنەوە کە چاری ئەم بەڵا گەورەیە بکەن، بووک ڕزگار بکەن! مامۆتکێک ئەڵێ: ئەبێ هەردوو دەستی ببڕێنەوە! دەست ئەبا بۆ «هەڕە - مشار» ئەیهێنێ هەردوو دەستی بووکە ببڕێتەوە! مامۆتکێکی تر ئەڵێ: نە بابە وا نابێ بووکێمان بێدەستان دەبێ، با کۆڵەکەی ببڕرێتەوە! هەموویان ئەڵێن: ئەی ماڵت کاول بێ لۆ زەکاوەتت؟! چما ئەم فێڵەت زانی؟! هەر یەکە دەست ئەدەنە تەورێک و کۆڵەکە ببڕنەوە!

کابرایەکی کۆییش لەوێ بوو، سەیر ئەکا ئەگەر کۆڵەکەکە ببڕنەوە خانووەکە ئەڕووخێ و ئەویش سەری تیا ئەچێ. هەر خێرا پەلاماری سەری بووکە ئەدا، دەرزی بە سەرەوە ئەبێ، دەرزییەکی لێ ئەکاتەوە و ئەیچزێنێ بە دەستی بووکەدا. بووکە کە چزەی دەرزی هەست ئەکا، هەردوو دەستی خۆی بەرەڵا ئەکا! ئینجا خەڵکەکە دەوری کابرایان دا، ئەیانوت: تۆ فریشتەی! بووکانت لە کەندووان کردۆتەوە!