شێخ بابە عەلیی سوسە دەم و نەفەسەکەی دەم ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  980 بینین

شێخ بابە عەلیی سوسە، دەم و نەفەسەکەی دەم و نەفەس نەبوو، هەرچی شێت و مارەنگازێکیان ئەبردە لای، یەکەم جار چاکی ئەکردەوە. لە بناری کۆیە کچێکیان دابوو بە مێرد. کچە شەوێ کە زاوا ئەیەوێ بچێتە لای، شێت ئەبێ و دەست ئەکا بە کەف چەڕاندن. شایی لە شاییکاران ئەبێ بە شیوەن! هیچ شێخ و شەخسێک نامێنێتەوە کچە نەبەنە سەری چار ناکرێ. لە ئاخرا ئەیهێنن بۆ سوسە بۆ لای شێخ بابە عەلی. شێخ ژوورێکی چۆڵی سەربەخۆی تەرخان کردبوو بۆ ئەوەی کە شێتیان ئەبردە لای لەوێی دابنێ، کچەی لەو ژوورەدا دانا و بەستیانەوە. شەوێ پاش نوێژی خەوتنان چووە لای کچە و قاپییەکەی لەسەر خۆی داخست، نەیهێشت کەسی تر بچێتە ژوورەوە!

چووە بن دەست کچەوە و وتی: کچم پێم بڵێ تۆ دەردت چییە؟ من بۆت چار ئەکەم، تۆ شێت نیت، من زۆر شێتی وام دیوە. زۆری خستە سەری لە ئاخرا کچە وەکوو ئاقڵ وتی: یا شێخ چارم ئەکەی؟ وتی ئەمین بە چارت ئەکەم. کچە وتی: ئەوی ڕاستی بێ من شێت نیم، لە ماڵی باوکم کوڕێکی دۆستم هەبوو دەستمان کرد بە یەکا و ئێستا کچێنیم نەماوە، لە ترسی ئەوە کە ئابڕووم نەچێ وە نەمکوژن خۆمم شێت کردووە. شێخ وتی مەترسە بۆت چار ئەکەم!

هەستا هاتە دەرەوە. کەسوکاری کچەی بانگ کرد، وتی: ئەم کچەی ئێوە جنۆکە دەستی لێ وەشاندووە و لەگەڵیایە لێی نابێتەوە، تەنانەت چۆتە ناو سمییەوە. ئێستا من بە دوعا و تەلیسم، سازم کردووە کە بێتە دەرەوە و واز لە کۆڵی بێنێ، بەڵام لە هەر لایەکەوە کە بێتە دەرەوە ئەو چاوەی کوێر ئەبێ، ئەگەر لە گوێچکەیەوە دەرچێ گوێی کەڕ ئەبێ، ئەگەر لە شەرمییەوە بێتە دەرەوە کچێنی نامێنێ. بەکورتی لە هەر شوێنێکەوە بێتە دەرەوە ئەو شوێنەی ئەفەوتێ. ئێنجا ئێوە ئارەزووی خۆتانە. بۆ ئەوە هاتم پرستان پێ بکەم، کوێ ئەڵێن تا لەوێوە بیهێنمە دەرەوە؟!

وتیان: وەڵڵا یا شێخ نامانەوێ کچەکە عەیبدار ببێ، کە واتە با هەر لە شەرمییەوە بێتە دەرەوە. خۆ هیچ نەبێ کچە بەبێ عەیبی وەکوو خۆی ئەمێنێتەوە. شێخ چووەوە بۆ لای کچە و لەپاش تۆزێک کچەی هێنایە دەرەوە، کچە لە جاران گەلێ ژیرتر بوو! بەم جۆرە کچەی ڕزگار کرد و کارەساتەکەشی بە کەس نەوت تا لەپاش چەند ساڵ هەر وا بەبێ ناو گێڕایەوە!