کابرایەکی دز شەوێک ئەچێتە سەر ماڵێک ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  869 بینین

کابرایەکی دز شەوێک ئەچێتە سەر ماڵێک، لە کڵاوڕۆژنەکەوە تماشا ئەکا بزانێ نووستوون یان بەئاگان. خاوەن ماڵەکە لەگەڵ ژنەکەیا ڕاکشابوو چاوی لێ بوو. بە ژنەکەی وت: بە خوا ئافرەت باش بوو خوا ئەم ماڵ و سامانەی داینێ پێی حەساینەوە. - ژنەکەشی تازە هێنابوو - ژنە وتی: بەڕاست پیاوەکە تۆ ئەم سامانەت چۆن دەست کەوت؟ وتی: وەڵڵا ژنەکە من لە هەوەڵەوە ئیشم دزیکردن بوو، بە شەو ئەچوومە سەر هەر ماڵێک، دەنگم نەئەکرد تا مانگ هەڵئەهات، ئەچوومە سەر بانەکە تیشکی مانگەکە بە کڵاوڕۆژنەکەدا ئەچووە خوارەوە، منیش دەستم پێوە ئەگرت و ئەموت: ترپ، ترپ! وردە وردە پیا ئەچوومە خوارەوە، هەر شتێک لە ژوورەکەدا بوایە کۆم ئەکردەوە و ئەمدا بە کۆڵما و دەستم ئەگرتەوە بە تیشکەکە و ئەموت: فجوق، فجوق! پیا سەر ئەکەوتمەوە و ئەهاتمەوە! بەم جۆرە من ئەم سامانەم پێکەوە نا!

کابرای دزە کە گوێی لەم قسەیە بوو، وتی: کە واتە ئەمە شتێکی ئاسانە، با منیش وا بکەم. دەنگی نەکرد تا مانگ هەڵات و تیشکەکەی لە کڵاوڕۆژنەکەوە چوو خوارەوە، دەستی پێگرت کە پیا بچێتە خوارەوە، هەر وتی: ترپ ترپ، شڵپ لە خوارەوە زرمەی هات و هەموو پراسووی ورد بوو بەسەر یەکا! خاوەنماڵ هەڵسا جوان و پوخت باڵی بەست و لەو لاوەوە فڕێی دا، وتی: دە بۆ خۆت فجوق بکە.