ساڵێک لە وەختی بەهارا کۆمەڵێک دانیشتبوون ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  1021 بینین

ساڵێک لە وەختی بەهارا کۆمەڵێک دانیشتبوون، لە گوێ ئاوێک، یەکێکیان وتی: بە خوا بەهار خۆشە پیاو بچێ بۆ سەیران و چشتی خۆش لەگەڵ خۆی بەرێ یاری و گەمە بکەن، یەکێکی تریان هەڵی دایە و وتی: خاڵۆ! ناشوکری نەبێ کەیفخۆشی نەماوە. بە سەرەکەی تۆ ساڵێک ماڵمان لەم شارەزوورە بوو، ڕۆژێک کوڕە کوڕەی هاوماڵ گردبووینەوە، یەکێ ماست، یەکێ ماستاو، یەکێ دۆ، یەکێ سیرێژ، گلێرمان کردەوە، لالە فەتەم - بەڕەحمەت بێ - مەشکەیەکی سووری ماڵی میمکە فەرخە هەبوو تەقەڵبڕمان کرد، سواری نێرەکەرە بۆزی خۆی بوو، مەشکەی نایە بەردەمی بۆ سەراوی سوبحان ئاغا. کاتێ ڕوانیمان لە نیوەی ڕێگا پشکی مەشکە بەربووە، هیچی دەست نەکەوت پێی بگرێتەوە، لالەی چەمەریم ناچار کێری خۆی نایە کونەکەیەوە هەتا چووینە سەر سەدەکە لەوێ ڕامان کرد، سێ چوار تەبەقمان هاورد مەشکەمان تێ قڵپاند. ئینجا یەکێ نانی گەنم، یەکێ نانی جۆڕەشی گەرمیان، یەکێ نانی زەڕات - خوا نەیبرێ - تێمان وڵی و کردمان بە زڵیاوپڵیاو هەر یەکێ بە قەد مانگایەکمان خوارد، ئیتر لەو سەرەوە بە شەق لە یەک هەڵدان هاتینەوە، ئێستاکە کوانێ ئەو سەیر و سەفایە؟