لە سەرگوزەشتی کوردانەیە ئەگێڕنەوە، ئەڵێن ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  747 بینین

لە سەرگوزەشتی کوردانەیە ئەگێڕنەوە، ئەڵێن:

جارێک پیرێژنێکی کورد ئەچێتە لای سلێمان پێغەمبەر، ئەڵێ: دێوێکم بدەرێ تەنها ڕۆژێک بۆ ئەوەی کۆشکێکم بۆ دروست بکا. سلێمانیش دێوێکی ئەداتێ. دێوە لە بەیانییەوە تا نیوەڕۆ کۆشکێکی نایابی بۆ دروست ئەکا، لەپاشا ئەڵێ: ئیشی ترت هەیە تا بۆت بکەم؟ ئەویش ئەڵێ: هیچ ئیشی ترم نییە. دێوە ئەڵێ: ئاخر نابێ بێ ئیش دابنیشم، من بۆ ئەوە هاتووم ڕۆژێک ئیشت بۆ بکەم. دەست ئەکا بە تێکدانی کۆشکەکە، تا ئێوارە تێکی ئەداتەوە و لێی ئەدا ئەڕوا!

پیرێژنەکە بەیانی لێی ئەدا ئەچێتەوە بۆ لای سلێمان پێغەمبەر، کارەساتەکەی بۆ ئەگێڕێتەوە، ئەڵێ: دێوێکی ترم بدەرێ با کۆشکێکی ترم بۆ دروست بکا. ئەویش دێوێکی تری ئەداتێ، ئەمیش وەکوو هینەکەی دوێنێ، تا نیوەڕۆ کۆشکەکە دروست ئەکا و لەبەر بێئیشی تا ئێوارە ئەڕوخێنێتەوە!

پیرێژنەکە سەرلەنوێ ئەچێتەوە بۆ شکات. سلێمان پێغەمبەریش ئەڵێ: دایکم ئاخر هەقیانە نابێ بێ ئیش دابنیشن. پیرێژن ئەڵێ: دێوێکی ترم بدەرێ ئیشی بۆ ئەدۆزمەوە. دێوێکی تری ئەداتێ، ئەمیان تا چێشتەنگاو کۆشکەکە دروست ئەکا و لەپاشا ئەڵێ: ئیشی ترت هەیە؟ پیرێژنە ئەڵێ: ئا، هەیە؛ دێنێ باوەشێنێکی ئەداتە دەست و لنگەوقووچ بۆی ئەکەوێ و کونی ئەشکەوتەکەی خۆی ئەخاتە بەردەستی و ئەڵێ باوەشێنی ئەم ئەشکەوتە بکە تا بە با کونەکەی ئەگریت!

دێوەش دەست ئەکا بە باوەشێنکردن تا دەمە دەمی عەسر بەتەواوی دەستی شل ئەبێ، لەو کاتەدا پیرێژنەکە دنیا گەرمە و فێنکی ئەبێتەوە، تڕێک ئەکەنێ! دێوەکە ڕائەچڵەکێ و ئەڵێ: ئەوە چی بوو؟ ئەویش ئەڵێ: ئەوە کونی تێ بوو. دێوە سەرێک با ئەدا و ئەڵێ: موبارەک نەبێ، من هێشتا ئەوی ترم نەگرتووە وا کونێکی تریشی تێ بوو! هەر هەڵئەستێ باوەشێنەکە فڕێ ئەدا و بۆی دەرئەچێ.